حکوومەتی هەرێم بە فەرمی سکاڵای یاسایی لەسەر بانکێکی عێراق تۆمار کرد

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای فەرمی لەسەر بانکی بازرگانی عێراق ‘تی بی ئای’ لە بەغدا تۆمارکرد بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنێک کە ساڵی ڕابردوو لەنێوان هەردوولادا کراوە.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی ‘ئێکس’ نووسیویەتی: “زۆر نیگەرانین لە دواکەوتنی دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی نوێ ‘ATM’ لە هەرێمی کوردستان”. 

گوتیشی: “ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی بانکی بازرگانی عێراق بەڵێنیدا 100 ئامێری نوێ بۆ بەرنامەی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکات.”

عەزیز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کردووە، “سەرەڕای ئەوەی بانکەکە زیاتر لە 40 هەزار داواکاری لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا تی بی ئای، فەرمانی کڕینی ئامێرەکانی دەرنەکردووە، هەروەک چاپکردنی کارتیش بۆ فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری مەدەنی دواکەوتووە”.

ڕاشیگەیاند، “فەرمانبەران چاوەڕوانی خزمەتگوزاری باشترن لەو بانکە، بەو پێیەی یەکێکە لە بانکە حکوومییەکانی عێراق.”

عەزیز ئەحمەد، دەشڵێت، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای فەرمی لە بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی لە بەغدا تۆمارکردووە.”

ھەواڵی زیاتر