مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 4/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق کرد .
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکەکەی و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو. 
باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو ، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە. 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، کە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە . 
هەروەها ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ تاوتوێ کرا.

ھەواڵی زیاتر