لیستی مووچەی مانگی چوار گەیشتە بەغدا

لیستی مووچەی مانگی چوار لە بەغدایە و ئەمڕۆ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، لیستەکە بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن تیمێکی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووەتە بەغدا، لەگەڵ کردنەوەی دەوام تیمەکە چوونەتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی لیستەکە رادەست بکەن.

دوێنێ تەرازووی پێداچوونەوەش نێردراوە بۆ بەغدا و تەنیا داهاتی نێوخۆ ماوە بنێردرێت، وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەمڕۆ ئەویش دەنێرن، کە بڕەکەی نزیکەی 50 ملیار دینارە و داهاتی مانگی سێیە.

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، روووداو لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە زانیویەتی بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەگەڵ بەغدا کردوویانە، دەبێت مانگانە و دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی بەغدا، مووچەی هەرێمی کوردستان بنیردرێت بە مەرجێک لە سەری مانگ تێپەڕ نەکات.

هۆکاری ئەوەی یەکێتی بە هەژماری من رازیبووە ئەوەیە کە بەغدا بەڕوونی گوتوویەتی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چاوەڕێ دەکەین بەشێوەی دەستی و کاش مووچە دابەشبکرێت، دەبێت هەموو فەرمانبەرێک هەژماری بانکی هەبێت، ئەگەرنا مووچەی بۆ نانێردرێت.

نزیکەی 250 هەزار فەرمانبەر ماون هەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە، کە زۆربەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.

بەگوێرەی زانیاریەکان، تیمی هەژماری من لە سلێمانی چاوەڕێ دەکەن دووبارە رێگەیان پێبدرێتەوە لە بانکەکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە؛ تاوەکو ئێستاش هیچ فەرمانگەیەکی سلێمانی پێی رانەگەیەندراوە کە فۆرمی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرەکانیان پر بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر