چارەنووسی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بەرەو کوێ گەیشت؟

“وڵاتانی عەرەبی داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی عێراق دەکەن”

سەرەڕای لێدوان و هەڵوێستی فەرمی عێراق سەبارەت بە قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، هێشتا گفتووگۆ لەبارەی چارەنووسی تاقم و میلیشیا چەکدارە نایاساییەکانی عێراق بەردەوامە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری واشنتۆن و ڕەنگدانەوە و هەڕەشەکانی لەسەر ناوخۆی عێراق. ڕۆژی شەممە، ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆبوونەوە وتووێژی ئەرێنی و بنیاتنەریان ئەنجامدا لەسەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی کرد لەئەگەری ملنەدانی ئێران بۆ ڕێککەوتن.

پێوەند بەم پرسە، (بەها ئەلعەرەجی) جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالەم ئەلجەدید) ڕایگەیاند:”دانوستانەکانی مەسقەت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و نەبوون و پچڕانی پەیوەندی ئێرانە لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکان. هەروەها واشنتۆن پرسی چەکپێدانان و هەڵوەشاندنەوەی ملیشیا چەکدارەکانی بۆ ناوخۆی عێراق بەجێهێشتووە.”

ناوبراو دەشڵێت: “هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان تەنیا داواکاری ئەمەریکا نییە، بەڵکو داواکاری وڵاتانی عەرەبی و دراوسێیکانی عێراقیشە.”

ئاماژەی بەوەشکرد:”میلیشیاکان بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئوردن و کوێت و بەڵگەش هەیە کە یەکێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی دژی ئیمارات هەڕەشە و لێدوانی داوە.”

هەروەها دەشڵێت:”میلیشیاکانی عێراق هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە، تەنانەت ئەگەر چەکیشیان هەبێت، بەڵکوو لۆبی عەرەبییە کە زیاتر لە ئەمریکا جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان دەکەن.

جێگەی باسە نووسەر و لێکۆڵکاری سیاسی لوبنانی (مستەفا فەحس) لە 10 ی نیسان جەختی لەوە کردەوە کە وتووێژەکانی مەسقەت لەسەر سێ دۆسیە دەبێت کە بریتین لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران و مووشەکی بالستیکی و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە.

ھەواڵی زیاتر