شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی شەپۆلێکی باران و هەورەبرووسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکە دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا.
دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “سبەی چوارشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت، شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک دەستپێدەکات، پاشان سەرجەم ناوچەکانى دیکە دەگرێتەوە.”
بە گوێرەی کەشناسی، لەبەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگای دهۆک شێوازى بارینەکە هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ تاوەبارانى بە لێزمە و برووسکە، لە درەنگی شەویشدا بارانبارین کۆتایی دێت.”
هاوکات، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، “لە سبەی تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و، ئەگەری بارانبارینی پچڕپچڕ لە سەرجەم ناوچەکاندا هەیە.”
بە گوتەی عامر جابری، “لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.”
هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی گوتی، “رۆژی 5ـی ئەم مانگە، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە برووسکەی بەهێزیشی لەگەڵدا دەبێت.”
بە گوتەی محەممەد کەمال، “زۆرترین بڕی دابارینی ئەو شەپۆلە، ناوچەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە و 24 کاژێر بەردەوام دەبێت.”