سەرۆک بارزانی: ئازاردانی جووتیارانی كورد دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی شوباتی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دانیال ڕۆبنستین، جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی “لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و مەزلووم عەبدی.”

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕەفتاری نابەجێ و ئازاردانی جووتیارانی كورد لە پارێزگای كەركووك هێمای بەوەدا كە ئەم ڕەفتارانە دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنین و دیمەنەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دێنێتەوە یادمان.”

سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە “پێویستە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستوور كار بە پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بكرێت.”

ھەواڵی زیاتر