تەواوی چاوپێكەوتنەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ (العربیة)
هەموو كاتێكتان باش بینەرانمان، لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەماندا كە ئەمڕۆ میوانداریی تێدا دەكەین، لەم دواییەدا بۆ ئەو ماوەیە كە گۆڕانكاریی جیۆسیاسیی جۆراوجۆر و گەورەی تێدا دەبیندرێت، میوانداریی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین. دەوڵەتی سەرۆك بەخێرهاتیت بۆ ئەم چاوپێكەوتنە تایبەتە لە (العربیة).
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس بۆ میوانداریكردنمان.
العربیة: لەم دواییانە پێشكەوتنی گەورەمان بینی كە ناوچەكە بە خۆیەوە دەیبینێت كە دەكرێ ناونیشانە سەرەكییەكەی لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا ترامپ بێت لەم قۆناغەدا. وەك بنەما چۆن دەكرێ پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بخەنە ڕوو؟
مەسرور بارزانی: پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان هەیە كە پاڵپشتێكی گەورەی عێراق بوو بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، بە دیاریكراویش لە میانی شەڕ لە دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ئەمریكا یارمەتیی بۆ عێراق پێشكەش كردووە لەو كاتەوەی ڕژێمی پێشوو لادراوە. ئێمە بە سرووشتی پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنە كاراكان لەنێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێش خستووە كە ئێمە ئەو پاڵپشتییەی ئەوان بە بەهادار دادەنێین، ئێمە لە شەڕی دژ بە داعش هاوپەیمان بووین، هەروەها لە پرۆسەی گەشەپێدانی هاوبەش كە هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینی.
العربیة: بەو مانایە، ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە نێو عێراق كەم كرایەوە، هەندێك هێز لەنێو هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، كامانەن جۆرەكانی ئەو هێزانە یان جۆری ئەو مانەوەیەی هاوپەیمانان لەنێو هەرێمی كوردستان؟
مەسرور بارزانی: ئەم بڕیارە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە لەبارەی جۆر و ژمارەی هێزەكانی كە دەیەوێ لە هەرێمی كوردستاندا بمێننەوە. پێشتر پلانی سەرەتایی ئەوە بوو كە هێزەكانی هاوپەیمانان لە كۆتایی ٢٠٢٥ عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە تا كۆتایی ٢٠٢٦ و دواتر هەرێمی كوردستان بەجێ بهڵێن. بەڵام ئەم گۆڕانكارییانەی لەم مانگانەی دواییدا بینیمان، بە بڕوای من وای كردووە كە هەندێك گۆڕانكاری تەنانەت لە هەڵوێستی بەغداشدا بێت، بۆیە پێموانییە كە ئەم پلانە هێشتا گونجاو بێت وەك ئەوەی پێشتر هەبوو. پێشكەوتنی تازە و ڕێككەوتنی نوێش دێنە ئاراوە، رەنگە شیكردنەوەی تازەی دۆخەكە ئەو ماوە زەمەنییە و ژمارەی ئەو هێزانەیان دیاری دەكات كە لە ناوچەكە دەمێننەوە. بەڵام دیسان ئەم بڕیارە لە كۆتاییدا بڕیارێكە كە حكوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیدات لەبارەی چارەنووسی هێزەكانی.
العربیة: ئایا هەماهەنگیتان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی هەیە لەمبارەیەوە؟ بۆچوونی حكوومەتی فیدڕاڵی چییە لەبارەی ئەو هێزانە و مانەوەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟
مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵیداین و گوزارشتیشمان لە بۆچوونی خۆمان كردووە، هەروەها لە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەشدارین لەو ڕووەوە كە هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی لە هاوپەیمانی هەیە. بەڵام لە كۆتاییدا ئەوەی لە هەموو شتێكی تر گرنگترە، ئەوەیە كە بڕیارێكی فیدڕاڵییە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان گوزارشتمان لە ویستی خۆمان بۆ میوانداریكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان كە لە ناوچەكەدان، كردووە، ئەمەش وەك درككردنی هەرێمی كوردستان بەو مەترسی و ئاڵنگاری و كێشە ئەمنییانەی كە ڕووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە. بەڵام وەك باسمان كرد، بەغدا لەسەر بنەمای ئەوەی كە زانیومانە، بە هەڵوێستی خۆیدا دەچێتەوە لەبارەی ئەو ماوە زەمەنییەی كە پێویستە بۆ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەكە.
العربیة: ئەوە یەكەمجار نییە كە بگوترێت هەرێمی كوردستان نەك هەر بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی هەندێك بنكەی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستانن، دەكرێتە ئامانج. ئێوە بەردەوام ئەم بابەتە رەت دەكەنەوە كە بنكەی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستان هەبێت. بۆچی هەمووجارێك ئەم بابەتە دەخرێتەوە ڕوو؟
مەسرور بارزانی: ئەم تۆمەتە هیچ راستییەكی تێدا نییە و ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەكەن بە هیچ شێوەیەك نەیانسەلماندووە. ئیسرائیلییەكان لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان نییە. بەداخەوە زۆربەی ئەو تۆمەتانە لە لایەن ئەوانەوە دەكرێت كە هیچ پاساوێكیان بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان نییە و ئەم جۆرە تۆمەتانەیان دروست كردووە، بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستی خراپیان یان هێرشە بێپاساوەكانیان لە دژی هەرێمی كوردستان. هیوادارم ئەو پرسیارەیان لێ بكەیت، بۆچی بەم بابەتە بیانوو دێننەوە؟ دەتوانم دڵنیات بكەمەوە كە ئیسرائیلییەكان لە هەرێمی كوردستاندا نین و هیچ شوێنێكیشیان نییە.
العربیة: تواناكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكەی چیە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكەی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لایەك و ئێران لە لایەكی تر كە دراوسێیەكی بەهێزی هەرێمی كوردستانە، چۆن سەركەوتن لەم هاوكێشەیە و سەپاندنی هاوسەنگی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران؟
مەسرور بارزانی: ئێمە حوكم بە چارەنووسی خۆمان دەكەین و ئێمەین بڕیارەكانمان دەدەین، وەكیلی هیچ لایەنێك نین، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، ئەو پەیوەندییانەش شانازییان پێوە دەكەین. هەروەك سنوورێكی زۆر درێژمان لەگەڵ ئێران هەیە و پەیوەندیمان زۆر باشە لەگەڵ ئێران. هەندێك كات تێپەڕین كە ئەو پەیوەندییانە بەرزونزمیان بە خۆیانەوە بینی، بەداخەوە ئەوان بە هۆی هەڵە تێگەیشتن، هەنگاویان بەرەو گرتنەبەری ڕێگەیەكی دیاریكراو نا، هەروەك بینیمان ئەوەی لە رابردوو ڕووی دا، بەڵام ئەم قۆناغەمان تێپەڕاند. ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە نیەتی باش گەرەنتییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. پەیوەندیمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان یان ئێران، لەسەر حیسابی قوربانیدان بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتەكەی تر نییە. ئێمە رێز لە هەردوو وڵات دەگرین و پەیوەندییەكانمان لەسەر ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕە و ئەوان ڕێزمان لێ دەگرن و ئێمە ڕێزیان لێ دەگرین.
العربیة: پێتوایە كە ترامپ شتێك بخاتە سەر ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە؟
مەسرور بارزانی: ناتوانم لە جێگەی سەرۆك دۆناڵد ترامپ قسە بكەم. بەڵام دەتوانم بڵێم كە هەرێمی كوردستان توانای زۆر باشی هەیە، هەر تەنیا لە كەرتی نەوت و غاز نا، بەڵكوو توانای زۆری هەیە.
العربیة: ئایا دەكرێ دروستكردنی حكوومەتی تازە لە هەرێمی كوردستان هەندێك بارودۆخ باشتر بكات؟ ئێمە دەزانین پاش دوایین هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ كورسی و یەكێتی ٢٣ كورسی هێنا، هەندێك ناكۆكی هەبوون لەبارەی پۆستە وەزارییەكان، ئایا پێكهێنانی حكوومەت لە ناوخۆ پەك دەخرێت؟
مەسرور بارزانی: هیوا دەخوازم كە لەم نزیكانە ڕێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازە بكرێت، چونكە پێموایە كە ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە. داواشمان لە هەموو براوەكانی هەلبژاردن كردووە كە بەشداریی لە دانوستانەكاندا بكەن، بەڵام بابەتەكە دەوەستێتە سەر سرووشتی دانوستانەكان و كێ لە كۆتاییدا دەبێتە شەریك لە حكوومەت. با بابەتێك ڕوون بكەمەوە، گوتتان پارتی ٣٩ كورسی هێناوە، ئەمە راستە، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی لە یاسای هەڵبژاردن كرا، چونكە هەرێمی كوردستان پێشتر هەمووی وەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دانرابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی كوردستان دابەش كرا و هەر پارێزگایەك بوو بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەمەش گۆڕانكاریی لە كورسییەكانی پەرلەماندا كرد. ئەگەر سەیری دەنگدانی گەل بكەیت، دەبینیت كە پارتی دیموكراتی كوردستان ٤٦٪ی دەنگەكانی هێناوە، بەڵام تەنیا ٣٩ كورسی هێناوە، چونكە دابەشكردنی پۆستەكان بەسەر بازنە و پارێزگاكان، ئامانج لێی كەمكردنەوەی ئەو كورسییانە بوو كە لەسەر بنەمای دەنگدانی گەل بەدەست دێ. پێموانییە كە ئەم ڕێوشوێنە لە رووی دیموكراسییەوە باشترین بێت، بەڵام ئەم بڕیارە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن دەریكرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتوو بوو، بە چاوپۆشیكردن لە ئەنجامەكان، پێموایە كە گەلی كوردستان تێیدا سەركەوتوو بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی كورسییەكان و ئەو حزبەی بردییەوە، بەڵام لە كۆتاییدا ئێمە هەموومان پێویستیمان بەو حكوومەتەیە.
العربیة: قسەمان لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی دەكرد. پێش ماوەیەك قسە لەسەر ناوبژیوانییەك هەبوو، چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی هەبوو، پێی گوتم كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەبووە و داوای لێكردووە كە ناوبژیوانی لەگەڵ توركیا بكات بۆ هێوركردنەوە، ئەم دۆسیەیە بە كوێ گەیشت؟
مەسرور بارزانی: هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەین لەوەی كە لە سووریا روودەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئێمە دراوسێیەكی راستەوخۆیانین، كاریگەر دەبین بەو ڕووداوانەی كە لەوێ روودەدەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی كورد لە سووریا دەژین. لە هەمان كاتدا پەیوەندیی باشمان لەگەڵ عەرەبەكانی ئەودیو سنوور هەیە. بۆیە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، دەمانخاتە دڵەڕاوكێوە، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین كە دڵەڕاوكێ كەم بكەینەوە و رۆڵێك بگێڕێن ئەگەر توانیمان و قەبووڵ بكرێت لەپێناو كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ لە نێوان توركیا و ئەو كوردانەی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریادان. بۆیە سەردانی توركیام كردووە و لەگەڵ سەرۆك ئەردۆگان و سەركردەكانی توركیا كۆبووینەوە، گفتوگۆی راشكاوانەمان كردووە، لە بەرامبەردا ئەوان تێگەیشتنیان بۆ دۆخەكە هەیە، هەموومان رێككەوتین كە دەبێت ماوەیەكی زەمەنی ببەخشرێت تاوەكوو ئاشتی بەرقەرار بێت و دەزانین چی لەوێ ڕوودەدات. ئێمە بە دڵنیاییەوە لە ترسانی توركیا تێدەگەیت بە هۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سووریا، ئەو دۆخەی كە دڵەڕاوكێیەكی زۆری لە ناوچەكەی ئێمەش دروست كردووە. لەبەر ئەوە پێمانوایە كە باشترین ڕێگە بۆ ئایندە ئەوەیە كە دڵەڕاوكێ نەهێڵدرێت، ئەمەش بە هاندانی كوردانی سووریا بەوەی كە لە پەكەكە دوور بكەونەوە و ڕێز لە دۆخی تازە بگرن و بەهۆی پەكەكەوە هەموو كوردانی سووریا نەخەنە مەترسییەوە. ئەوە ڕوونە كە بەڕێز مەزڵووم عەبدی بانگهێشتی هەولێر كرا و دیدارێكی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو كە هانی ئەو و هەموو هێزە كوردییەكانی دا تاوەكوو كار لەسەر یەكڕیزیی كورد بكەن تاوەكوو دەنگێكی بەهێزتر و هەژموونێكی زۆرتریان هەبێت بۆ گەیشت بە چارەسەرێكی ئاشتییانەی بەردەوام. هەروەك هانمان دان بۆ دانانی میكانیزمێك كە هاوكارییان بكات بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق.
لە راستیدا پێش چەند هەفتەیەك لە داڤۆس بووم، لەوێ لەگەڵ ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبوومەوە.
العربیة: ئێوە لە ژوورێكی داخراو كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باسی چیتان كرد و بۆچی زۆر لەبارەی ئەم چاوپێكەوتنەتانەوە بڵاو نەكرایەوە؟
مەسرور بارزانی: پێموانییە كە هیچ نهێنییەكی تێدا بووبێت. ئێمە قسەمان لەبارەی بارودۆخەكان كرد و رێككەوتین لەسەر زەروورەتی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە كوردانی سووریا دەیانەوێ، ئەمە بابەتێكە بۆ ئەوان جێهێڵدراوە و ئێمە ناچاریان ناكەین یان فەرمانیان پێ ناكەین لەوەی كە دەبێت چی بكەن. ئەم بابەتە بۆ كوردەكان بەجێ دەهێڵین كە بڕیار بدەن لەبارەی ئەو چارەسەرەی بۆ ئەوان و دیمەشق باشترینە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، ئەوەیە كە ببینین سووریا وڵاتێكی سەقامگیری دیموكراسی بێت و لەو ڕووەوەی كە ڕێز لە هەموو كۆمەڵگەكان بە جیاوازیی تایفەكانەوە بگیرێت تێیدا، وەك كورد و عەلەوییەكان و درووز و ئەوانی دیكە. بۆیە سەقامگیریی لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە و هەر شتێكیش كە بە ئێمە بكرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بێتە كایەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی و ئەوەش بووە كە ئێمە قسەمان لەبارەیەوە كردووە.
العربیة: بەڵام ئەوەی زانراوە كە دۆخەكە زۆر جێی دڵەڕاوكێیە بەپێی هەندێك زانیاریی دزەكردوو لە نێوان حكوومەتی دیمەشق و قەسەدە، ئایا هەرێمی كوردستان توانای هەیە كە بۆچوونەكان لە یەك نزیك بكاتەوە؟
مەسرور بارزانی: هێزەكانی سووریای دیموكرات تاكە نوێنەری كورد نین، بەڵكوو نوێنەرایەتیی بەشێك لە كوردەكان دەكەن، بەڵام حزبی سیاسیی دیكەش لە سووریا هەن كە نوێنەرایەتیی كورد یان زۆرینەی كورد دەكەن، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوان كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان وەلاوە بنێن لەژێر ڕۆشنایی دۆخی تازە لە سووریا تاوەكوو بتوانن سوودی لێ وەربگرن و كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بكەن كە ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو كوردان بهێنێت. ئەم بابەتە پەیوەندیدار نییە تەنیا بە هەسەدە. نازانم چی رووی دا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق، بۆیە من ناتوانم قسە لەسەر ئەمە بكەم. بەڵام پێمانوایە كە لەسەر دیمەشقە كە لەگەڵ هەموو كوردەكان گفتوگۆ بكات، نەك تەنیا هەسەدە، هیوادارم كە هێزەكانی سووریای دیموكراتیش ئامادە بن بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كورد، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەكی گەورەتر و تێڕوانینێكی گشتگیری كوردیان لە سووریا هەبێت.
العربیة: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو چۆنە؟ زانیومانە كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و سعودیە بەتایبەت زۆر باشە، چین دیارترین بوارەكانی هاریكاری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو لا؟
مەسرور بارزانی: پەیوەندیی باشمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو هەیە، لەنێویشیاندا شانشینی عەرەبیی سعوودی، بە دڵنیاییەوە ئێمە كار بۆ باشتركردنی پەیوەندیمان بۆ ئاستی باشتر دەكەین. لەبەر ئەوە دەمانەوێ كە كۆمپانیای زیاتر لە وڵاتانی كەنداو و كۆمپانیاكانی سعوودیە بێن بۆ كوردستان بۆ وەبەرهێنان و وەستان لەسەر ئەو هەلانەی هەن. ئەو هەلانەی كە لە كوردستاندا هەن رەنگە سوود بە هەردوو لا بگەیەنن، چ بۆ لایەنی خانەخوێ و چ بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. هەروەك دەشزانین كە كوردستان گونجاوە لە رووی رۆشنبیری و جوگرافیا و دیمەنی سرووشتی، ئەمەش رووگەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی خەڵك لەپێناوسەردانی كوردستان بێن. بۆیە ئێمە بەختەوەرین بەو پەیوەندییەی كە كۆمان دەكاتەوە و خواستیشمان هەیە بۆ فراوانكردنی ئەو پەیوەندییانە و كاركردن لەسەر زیاتر پێشخستنی.
العربیة: وەك ئەوەی كە هەرێمی كوردستانی عێراق هاوشێوەیی هەیە لەگەڵ روانگەی ٢٠٣٠، وەك دەزانیت كە روانگەی ٢٠٣٠ كار لەسەر ئەوە دەكات كە هەر تەنیا پشت بە نەوت و كەرەستە خاوەكانی تر نەبەستێ، بەڵكوو بواری دیكە بكاتەوە وەك وەبەرهێنان و گەشتوگوزار، ئێوەش بە هەمان ئەو ئاراستەیەدا دەڕۆن لەپێناو تێپەڕاندنی كێشە ناوخۆییەكان و هەندێك ئاستەنگ لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، ئایا بواری هاریكاری هەیە لە نێوان هەردوو لا؟
مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە زۆر شت هەن كە دەتوانین پێكەوە بیكەین، هەلی زۆر هەن كە دەكرێ لە ناوچەكانی دیكەدا نەبن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە قسە لەسەر كانزا و گەشتوگوزار و كەشوهەوا دەكەین، بە دڵنیاییەوە كوردستان كەشوهەوایەكی جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو هەیە، چونكە ژینگەیەكی تەواو جیاوازمان هەیە. زۆر بوار هەن كە دەكرێ لە نێوانماندا ڕووبدات، بۆ نموونە كۆبوونەوە لە نێوان كۆمپانیاكان، چونكە حكوومەت و لایەنە یاسادانەرەكان كاریان كردووە بۆ ئاسانكردنی وابەستەییەكان و پەیوەندییەكان لە نێوان كۆمپانیا بازرگانییەكان و ژوورەكانی بازرگانی، لەو رووەی كە بتواندرێت كۆببنەوە و بە ڕێگەی تایبەتیی خۆیان بگەنە رێگەیەك بۆ پێشخستنی كارە بازرگانییەكان لە نێوان خۆیاندا. پێموایە كە دەرفەتی زۆر هەیە لە نێوان هەموو لایەنەكان.
العربیة: ئەم پرسیارە زۆر لە كوردان خۆیان لێی لادەدەن، ئایا تا ئێستا خەونی دەوڵەتی كوردی هەیە؟
مەسرور بارزانی: پێموایە كە بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی كە مامەڵەی لەگەڵ كوردەكان پێ دەكرێت. ئەگەر سەیری یەكێتیی ئەورووپا بكەین كە ساڵانێكی زۆر و بگرە چەندان دەیە شەڕ كرا لەپێناو دروستكردنی دەوڵەتە تایبەكانی خۆیان، كەچی ئێستا یەكێتیی ئەورووپایان هەیە. ئەوان ئەم قۆناغەیان تێپەڕاند و دەیانەوێ لێك بدرێن و یەكێتییەكیان هەبێت وەك یەك قەوارە. بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو وڵاتانەی كە كوردەكان تێیدا دەژین و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن. بەداخەوە مێژوومان پڕە لە زوڵم و نایەكسانی، ئەگەر بابەتەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا كاردانەوەی كوردەكان هاوشێوە دەبێت، بەڵام ئەگەر نزیكبوونەوەی تازە خرایە ڕوو كە لەسەر قەبووڵكردن و رێزگرتن و یەكسانی و دادپەروەری بونیاد نرابێت، دەكرێ گەلان پێش بكەون و بەیەكەوە بەرەو ئایندەیەكی سەقامگیر و ئاشتییانە بڕۆن. پێموایە كە بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی كە پێی مامەڵەمان لەگەڵدا دەكرێت.
العربیة: پەیامتان بۆ ئەحمەد شەرع؟
مەسرور بارزانی: دەبێ سەرۆكی هەموو سوورییەكان بێت، لەسەریەتی كە ڕێز لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا بگرێت لەپێناو بەردەوامی و سەركەوتن.
العربیة: پەیامتان بۆ محەمەد شیاع سوودانی؟
مەسرور بارزانی: ئەویش؟ لەسەریەتی كە سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق بێت نەك پێكهاتەیەك، هەروەها بەردەوام بێت لە پەیوەندیی باش لەگەڵ كوردەكان و سوننە و شیعەكانیش لە وڵاتەكەدا.
العربیة: پەیامتان بۆ مەزڵووم عەبدی؟
مەسرور بارزانی: لەسەریەتی كە كار بۆ یەكخستنی كوردەكان بكات لەپێناو گەرەنتیكردنی مافەكانی كورد و ئاییندەی سووریا بكات.
العربیة: ئۆجەلان؟
مەسرور بارزانی: ئەو لە زیندانە، وەك مرۆڤێك، هیوا دەخوازم رۆژێك لە رۆژان ئازاد بكرێت، بە گشتی بگەینە چارەسەرێك بۆ دۆزی كورد لەنێو توركیا.
العربیة: دەمەوێ زۆر سوپاست بكەم بۆ كاتەكەت و دڵفراوانیت و هەموو ئەو زانیارییانەی كە پێشكەشتان كرد.
دەكرێ قسەی كۆتاییتان بكەن؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاست دەكەم، ڕێز لەم گفتوگۆ راشكاوانەیە دەگرم.