مەسرور بارزانی و وەزیری دارایی تورکیا هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تاوتوێ دەکەن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا کۆبووەوە؛ بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان یەکێک بووە لەو بابەتانەی تاوتوێیان کردوون.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا جەخت لە برەدوان بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێناندا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، “هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا تاوتوێ کرا”.
“هەروەها باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەیەکەوەبەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا لە رێگەی هێڵی ئاسنین کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە گرنگەدا”، حکومەت وا دەڵێت.
رۆژی 10-02-2025، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و یاوەریی قوباد تاڵەبانی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان.
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە، لە دووبەی بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت.