مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دارایی تورکیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/12 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە پەرواێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری دارایی تورکیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا جەخت لە برەدوان بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێناندا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا تاوتوێ کرا .
هەروەها باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەیەکەوەبەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی هێلی ئاسنین کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پێویستیی بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە گرنگەدا.

ھەواڵی زیاتر