بێکاری و هەژاری ژیانی گەنجانی زیقاریان تاڵ کردووە
زیقار، یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی عێراق، بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم پارێزگایە 250 هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام لە سەدا 30ـی دانیشتووانی ئەم شارە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
کێشەکانی بێکاری لە پارێزگای زیقار بەردەوام قووڵ دەبێتەوە، زۆرینەی گەنجەکانی ئەم پاریزگایە بێکارن، سەرباری ئەوەی زیقار دەوڵەمەندە بە نەوت و بەرهەمی ڕۆژانەی 250 هەزار بەرمیلە، بەڵام گەنجەکانی بەردەوام ڕووی دەمیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانە و داوا دەکەن لە جێگەی کرێکارانی بیانی، کار بە ئەمان بدرێت.
ڕەسول حەبیب، گەنجێکی بێکاری زیقارە دەڵێت: زۆرینەی گەنجەکانی ناسریە بێکارن، تەنانەت ئەوانەی خوێندنیشیان تەواو کردووە، هەر بێکارن، ناسریە شارێکی هەژار نییە، بەڵکو سامانەکەی بە یەکسانی دابەش ناکرێت و گەنجەکانمان هەزار دیناریان لە گیرفاندا نییە.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە دابەش نەکردنی سامانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هۆی سەرەکیی بێکاری و هەژاری خەڵکی پارێزگاکانە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن “لە سەدا 30 دانیشتووانی پارێزگای زیقار هەژارن، ئەم هۆکارانە وایان لە بەشێک لە گەنجەکان کردووە کۆچ بکەن و عێراق بەجێ بهێڵن، چونکە ژیانی خۆیان دەبینن و ژیانی کەسوکاری بەرپرسانیش دەبینن.”
محەمەد حوسەینی، چاودێر دەڵێت: بەگەڕ نەخستنی کەرتەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ، هاوکات لاوازیی کەرتی تایبەت هۆی بێکاریی گەنجانی ناسریەن، ئەمە لەگەڵ گەندەڵیی گەورە لە دامەزراوەکاندا، بێکاری و هەژاری وای لە خەڵک کردووە، پەنا بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر ببەن.”
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە چارەیەکی بنەڕەتی بۆ قەیرانەکانی وڵات بدۆزنەوە، قەیرانەکانی وەک نەبوونی خزمەتگوزاری لە کەرتەکانی تەندروستیی و پەروەردە، چاوەڕوانیش دەکرێت، ڕێژەی بێکاریش بەردەوام بێت لە هەڵکشان.