ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، زانیاری سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ئاشكرا دەكات.
ئەمشەو چوارشەممە 29-1-2025، لە ماڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە شاری بەغدا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان كۆبوونەوە لە نێوان سوودانی و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق كرا.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند:
– لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کرا بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
– سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشە و ئەرێنی بوو.
– لە كۆبوونەوەكەدا لێكتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەسەر ئەوەی كە پڕۆژە یاسای بودجە وەکو خۆی پەسەند بکرێت بە هەمان ئەو ناوەڕۆكەی حکومەتی عێراق ناردوویەتی و ئێستا لە پەرلەمانی عێراق، گرنگترین خاڵی نێو هەموارەكەش ئەوەیە كە نرخی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلار دیار کراوە.
بەگوێرەی هەمواری بڕگەی (ج) ماددەی 12 لە یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە 6 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دەستپێبکاتەوە.