مەسرور بارزانی: چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات
مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە هەرێمی کوردستانیش لەو رێککەوتنەدا بەشدار بێت کە بڕیارە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گازی کەرکووک لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم BPی بەریتانیدا بکرێت. دەشڵێت، “چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات.”
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: “ئەو ناوچەیەی کە بەغدا لەگەڵ BP گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، ناوچەیەکی ناکۆکیلەسەرە. بە پێی دەستوور، ناوچە ناکۆکیلەسەرەکان شوێنێک نین بەغدا یان هەولێر بتوانن تاکلایەنانە بڕیاریان لەسەر بدەن.”
دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە ئەنجامی هێرشی داعش لە ساڵی 2014، پێشمەرگە پاراستنی کەرکووکی لەئەستۆگرت. لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، شارەکە کەوتەوە دەستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لە دژی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک نین، بەڵکو دژی “میکانزمەکەن”.
سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، رێگەیەکی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لەو گفتوگۆیانە ئەوەیە، بەرپرسانی کورد بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا بەریتانییەکە کۆببنەوە. “کورد دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەکاربێنێت بۆ ئەوەی گوشار لە عێراقییەکان و BP بکەن بەشدارییان پێ بکەن.”
چاوەڕواندەکرێت لە یەکەم هەفتەی مانگی داهاتوو، عێراق و BP گرێبەستێکی چەندین ملیار دۆلاری واژۆبکەن بۆ ئەوەی کێڵگەکانی کەرکووک پەرەیان پێ بدرێت.
مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی گوتووە: “ئێمە هەژموونی ئەوەمان نییە ئەوە بوەستێنین،” بەڵام گرێبەستەکەی بە “نادەستووری” ناوبردووە.
هەفتەی رابردوو، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکە لەوەیان گەورەتر بێت کە ساڵی 2023 لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیدا واژۆیان کرد، کە قەبارەکەی 27 ملیار دۆلار بوو.
بەغدا و BP رێککەوتنێکی سەرەتاییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک واژۆکردووە.
BP ئەندامێکی ئەو کۆمەڵە کۆمپانیایە بوو کە لە بیستەکانی سەدەی راربدوو نەوتی لە کەرکووک دۆزییەوە و مەزەندە دەکرێت، یەدەگی نەوتی شارە کوردستانییەکە 9 ملیار بەرمیل بێت.
کۆمپانیا بەریتانییەکە خاوەنی 50٪ی پشکەکانی ئەو هاوپەیمانییە بازرگانییەیە کە کێڵگەی رومەیلە لە باشووری رۆژئاوای بەسرە بەڕێوەدەبات.
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ‘دەنگی نییە’
ئەم ناکۆکییەی لەسەر گرێبەستەکەی BP دروستبووە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ناکۆکیی دیکەوە لە ساڵی 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا وەستاوە.
ئاداری ساڵی 2023، تورکیا بۆریەکەی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی کە دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاریدا، ئەنقەرە بە هەناردەکردنی نەوتەکە بێ رەزامەندیی بەغدا، رێککەوتننامەیەکی نێوانیانی پێشێلکردووە و پێویستە 1.5 ملیار دۆلار بە عێراق بدات.
هەرچەندە دوای ئەوە تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریەکە نیشاندا، هەناردەکە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر وردەکاریی گرێبەستەکانیان، دەستیپێنەکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، لە ئەنجامی ئەوەدا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لەدەستداوە و حکومەتی عێراقیش قەرەبووی نەکردووەتەوە.
مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: “عێراق هەرگیز قەرەبووی ئەو پارە لەدەستچووەی بە کوردستان نەداوەتەوە و تا ئێستاش هیچ چارەسەرێک لە ئارادا نییە.”
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری بڕگەیەکی یاسای بودجەی فیدڕالی کۆبێتەوە.
بڕگەکە تایبەتە بە دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە نزیکەی 7 دۆلار دانرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان پێیانوابوو ئەو بڕە پارەیە لە سروشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان دەستنادات، نێوەڕاستی تشرینی دووەم حکومەتی عێراق پێشنیازی کرد تێچووەکە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابنرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق لە کۆتا ساتەکاندا دەستکاری هەموارەکەی کردووە و پاشەکشەی لەو سازشە کردووە.
مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی گوتووە، هەموارەکە بەو شێوەیە “بە هیچ شێوەیەک قبوول ناکرێت.”
بەڵام ئەمشەو حکومەتی عێراق رەتیکردەوە هیچ دەستکارییەک کرابێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “جەخت لە پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارانە دەکەینەوە کە لە بارەی یاسای بودجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراون، کە رەچاوی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دەکەن، هەروەها دووپاتیدەکەینەوە کە نوێنەری حکومەت لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستنەبوونی هیچ هەموارێکی دیکە بۆ یاسای بودجە کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت کە ئەنجوومەنی وەزیران پێشکێشیکردوون.”
‘گلەییکردن لە کورد ئاسانە’
رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی سنووری بەرهەمی رۆژانەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان پێکەوە بە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکردووە. بەڵام بەرهەمەکە ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، بەغدا لەسەر ئەوە “گلەیی لە کوردستان دەکات، چونکە گلەییکردن لە کورد ئاسانە.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “کوردستان تەنیا 280 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەمدێنێت، کوردستان چۆن زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێناندا کردووە؟ بۆچی ناگوترێت هەموو عێراق زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێناندا دەکات؟ ئەم کارانەی بەغدا جێگەی داخن کە مەبەست لێیان چەواشەکردنی رای گشتی و رای نێودەوڵەتیشە. ئێمە چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات و لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ بڕینی پشکی ئێمە لە بەرهەمی نەوت و بودجەی نیشتمانیدا.”
ژێدەر
رووداو