سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆبوونەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەماندەی گشتیی هەسەدە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر کوبوونەوە. کۆبوونەوەکە بە دەستکەوتێکی گرنگ و بەرچاو دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد و پێگەی کورد لە سووریای نوێ و ناوچەکە.

دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕووخانی حکومەتی بەشارد ئەسەد، سەرۆک بارزانی چەندین هەوڵ و دەستپێشخەری بۆ نزیکبوونەوەی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا هەبووە، بە تایبەت بۆ نزیکبوونەوەی هەسەدە و ئەنەکەسە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق، بۆ ڕاگواستنێکی سیاسی ئارام و لەبار، سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان.
  
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، د.عەبدولحەمید دەربەندی،  نوێنەری سەرۆک بارزانی سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە مەزڵووم عەبدی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە، پەیامی سەرۆک بارزانی بە لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیاند بۆ ئەوەی یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن، ئەوکات مەزڵووم عەبدیش پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە کرد و بە گرنگی دانا.

چاوەڕێ دەکرێت دوای نزیکبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیام و داواکاری کورد بەرامبەر دیمەشق یەکبخرێت و بە یەک تیم گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بکەن، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی مافەکانی کورد و مسۆگەرکردنی ئایندەی کورد لە سووریای تازە.

ھەواڵی زیاتر