نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەی دا بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا.”
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، “جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.”
هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.