نهێنی زۆر ئاشکرابوو لەسەر روخانی بەشار ئەسەد
پێگەی “مزیج” لە كەناڵی “عەرەبیە” لە دیمانەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی بەشار ئەسەد سەرۆكی رژێمی رووخاوی سووریا كردووە. لەو دیمانەیەدا ئاماژە بە دۆخی ئەسەد خۆی و سوپاكەی دەكات كە بەرلە رووخانی رژێمەكەی، لەوپەڕی شپرزەییدا بوون و تەنانەت سەرۆكی رووسیایش ئامادە نەبووە وەڵامی بداتەوە.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی دووەم، بەشێك لە دیمانەكەی كامل سەقەری بڵاو كردووەتەوە كە بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەسەد بوو. ئەو دەڵێت كاتێك ئۆپۆزسیۆن حەلەبی كۆنترۆڵ كرد، بەشار ئەسەد داوای لە رووسیا كرد لە رێگەی بنكەی سەربازیی حەمیمیمەوە رێگە بە فڕۆكەی ئێرانی بدرێ هاوكاریی سەربازی بۆ سوپای سووریا بگوازنەوە، بەڵام رووسیا ئەو رێگەیەی پێ نەدا.
سەقەر زیاتر گوتی، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشار ئەسەد دەیویست پێوەندیی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیاوە بكات، بەڵام ئەو وەڵامی نەدایەوە و دۆخی ئەسەد زۆر شپرزە بوو.
ئەوەشی گوت، ئێرانییەكان بە ئەسەدیان گوت كە دڵنیاییان پێ نەگەیشتووە تا بتوانن جووڵە بە فڕۆكەكانیان بكەن بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی سەربازی بۆ بنكەی حەمیمیم لە رێگەی عێراقەوە بۆ سووریا، چونكە تا ئەوكاتە رووسیا وەڵامی بەشار ئەسەدی نەدابووەوە تا فڕۆكەی ئێرانی بچێتە بنكەی حەمیمیم.
دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئێرانییەكان گوتوویانە، ئەمەریكا هەڕەشەی كردووە هەر فڕۆكەیەكی ئێرانی جووڵە بكات بۆ ئەو بنكەیە لە رێگەی عێراقەوە بۆ سووریا، دەیخەنە خوارەوە، یان ناچاری دەكەن بگەڕێتەوە.
سەقەر لەبارەی سوپاكەیانەوە گوتی، دامەزراوەی سەربازی بەرلە كەوتنی حەلەبیش لەوپەڕی خراپی و شپرزەییدا بوو، توانای ئەوە نەبوو شەڕ بكات، جیالەوەی دۆخی دارایی و ئابووری سووریا لەوەش خراپتر بوو كە باس دەكرێت و وڵات بەتەواوی لە رووخان نزیك بووەوە.
دواتریش سەقەر گوتی، عێراقییەكان سووریاییەكانیان لە شەشی دیسێمبەردا ئاگادار كردبووەوە كە توركیا رەتی دەكاتەوە هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ بەشار ئەسەد بكات.
كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە.
چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.