بەرپرسی لەسێدارەدان لە زیندانی سیدنایا دەستگیرکرا
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بەرپرسی لە سێدارەدان لە زیندانی سیدنایا، لە لایەن هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریاوە دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26.12.2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ راگەیاند، محەممەد کنجۆ حەسەن، بەرپرسی لە سێدارەدان لە زیندانی سیدنایا، لە لایەن هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریاوە دەستگیرکراوە.
لیوا محەمەد کنجۆ حەسەن، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستگیرکراوە. ئەو بەرپرسی یەکەمی لە سێدارەدانی مەیدانیی زیندانی سیدنایا بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی رووخاوی بەشار ئەسەد.
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “رەدع عەدوان” لە پلاتفۆرمی تێلێگرام هەواڵی دەستگیرکردنی کەنجۆی پشتڕاست کردەوە و سێ وێنەشی بڵاوکردووەتەوە کە دوو وێنەیان پۆشاکی فەرمی لەبەرە و وێنەی سێیەمیش کاتی دەستگیرکردنیەتی.
کنجۆ، بەرپرسی یەکەم بووە لە لەسێدارەدانی مەیدانی لە زیندانی سیدنایا لە سنووری دیمەشق و تۆمەتبارە بە لەسێدارەدانی هەزاران هاووڵاتی سووری.
بەگوێرەی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کنجۆ یەکێک بووە لە ئەفسەرەکانی رژێمی رووخاو و پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دادوەریی سەربازی و سەرۆکی دادگای مەیدانی هەبووە.