وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەولێر دەکات
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە سەردانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئوردن دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیرە ئەڵمانییەکە سەربازانی وڵاتەکەی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن، بەسەر دەکاتەوە.
پێش سەردانەکەی بۆ ناوچەکە، بۆریس پیستۆریەس لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکە و رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، رایگەیاند: “پێویستە گرووپەکانی دژبەرەکانی نێو سووریا، بە خێرایی دۆخەکە هێوربکەنەوە. ناکرێت جارێکی دیکە سووریا بکەوێتەوە دەستی رژێمە سەرکوتکار و گرووپە رادیکاڵەکان.”
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا هەیە؛ ئەڵمانیا لە کاتی شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتیی گەورەی هەرێمی کوردستانی کرد. بۆ نموونە، چەکی میلان یەکێک لەو چەکە کاریگەرانە بوو ئەڵمانیا رادەستی پێشمەرگەی کرد بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش.
ژێدەر
رووداو