عێراق دەبێتە ئامانجی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل
لەکاتێکدا هەوڵی دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەخێرایی بەڕێوە دەچن، چاودێرانی عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق دەبێتە ئامانجی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل، ئەمەش دوای سکاڵای حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ لە دژی عێراق، وەک بیانوویەک بۆ ئەو ئامانجە.
لەکاتێکدا عێراق ڕایگەیاندووە، ملیشیا چەکدارەکان خاکی وڵاتەکە بۆ هێرشی سەر ئیسرائیل بەکار ناهێنن، چاودێرانی عێراقی دەڵێن، کە ئیسرائیل نیازی گەورەی هەیە بۆ لێدان لە عێراق و هەروەها بە کۆی دەنگ هاوڕان لەسەر ئەوەی، بەغدا هیچ بەرگرییەکی ئاسمانیی نییە، کە بتوانێت ڕێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات.
شیکەرەوەی سیاسی (مەجاشع ئەلتەمیمی)، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ڕایگەیاندووە: “سکاڵای ئیسرائیل لە دژی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەو وڵاتە بەنیازە هێرش بکاتە سەر خاکی عێراق، بۆیە لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە، کە مافی وەڵامدانەوەی هێرشی ملیشیا عێراقییەکانی هەیە، وەک پارێزگاری لە خۆی ئەم کارە ئەنجام دەدات.”
تەمیمی دەشڵێت: “هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی لە عێراق، لەدوای ئەم سکاڵایە حەتمییە، چونکە ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە هەڕەشە و ئاماژە دەنرێت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، بەڵام ئەو ئامانجانە نادیارن، نازاندرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان و حکوومییەکانە، یان سنووردارن بۆ بارەگای ملیشیاکان و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانیان.”
هەروەها سەبارەت بە توانای سەربازیی عێراق بۆ ئەو هێرشە، گوتی: “بەدڵنیاییەوە نە عێراق و نە ملیشیا چەکدارەکان ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوە بببنەوە، چونکە ناتوانرێت ڕێگری لە هیچ هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بکرێت، بەرگریی ئاسمانیی عێراقی زۆر لاوازە و توانای بەرگرتنی لە هێرشێکی مووشەکی، یان فڕۆکەی جەنگی، یان تەنانەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو نییە.”
شیاوی باسە، گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، نامەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تێیدا داوای کرد، دەستبەجێ هەڵوێستی هەبێت لەسەر چالاکیی ملیشیا عێراقییەکان، کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنن و حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەموو ئەو هێرشانەی، کە لەسەر خاکی وڵاتەکەیەوە ڕوودەدەن و وەک لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بۆ پاراستنی خۆی و هاووڵاتییانی.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەخشەی عێراقی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕاوەشاند و خستییە ڕیزی ئەو وڵاتانەی، کە دەبێت لەگەڵ ئێران و لوبنان بکرێتە ئامانج.
لە ماوەی ڕابردوودا، میلیشیاکانی (بەرەی مقاومەی ئیسلامیی عێراقی) بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل.
هاوکات، سەرچاوەیەکی فەرمی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ئاشکرای کردووە: “ئەمریکا هۆشداری بە حکوومەتی عێراق داوە، ڕێگە لە ملیشیا چەکدارەکان بگرێت.”
ئەو سەرچاوەیە، باسی لەوەش کردووە، واشنتن هەڕەشەیەکی ئاشکرای ئیسرائیلی گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق، کە بەکارهێنانی خاکی عێراق لەلایەن میلیشیاکانەوە بوەستێنرێت، دەنا تەلئەبیب وەڵامی سەربازی دەبێت و هێرش دەکاتە سەر عێراق.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، ڕۆژنامەی (مەعاریڤ)ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد: “ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل بە لێدانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی میلیشیاکانی عێراق دەست پێ بکات و دواتر سەرکردەکانیان بەئامانج بگرێت.”
(مەعاریڤ) ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ئێران پێشتر مووشەکی بالستیی کورتمەودای بە قاچاخ ناردووە بۆ عێراق، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
لای خۆیەوە، سەفاء ئەلئەعەسەم، پسپۆڕی سەربازی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ڕایگەیاند: “ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی سکاڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی عێراق، شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات و دەیەوێت جوگرافیای عێراق بخاتە نێو بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەوە، بەتایبەتی کە نەخشەیەکی داتایی گرنگی لەسەر عێراق هەیە.”
هەروەها، ئەلئەعەسەم پێی وایە، ئەو زانیارییانەی ئیسرائیل لەسەر عێراق هەیەتی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دێت، کە کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق دەکات و هەروەها دەستێوەردان لە زۆر دۆسییەی ئەمنی و سەربازی و تەنانەت سیاسی و شتی دیکەی عێراق دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، واشنتن ئاسانکاری بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات، بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو.
جەختی لەوەش کردەوە: “لە ڕووی سەربازییەوە، عێراق هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ڕاستەقینەی نییە، کە بتوانێت ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەکی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل ببێتەوە، بۆیە پێویستە عێراق فشار بخاتە سەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتیی واشنتن، بۆ پابەندبوون بە پاراستنی ئاسمانی عێراق و ڕێگریکردن لە دزەكردن بۆ ناو ئاسمانی عێراق.”