سوودانی داوای کۆبووونەوەی بەپەلەی کردووە
بەپێی راگەیەندراوێكی كە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیەندرا، ئاماژە بەوە كراوە “بەشێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە پرسی پێشهات و ڕووداوە سەربازی و ئەمنییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
وەك لە راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە، سودانی رایگەیاندووە “ئیسرائیل ئامانجی فراوانكردنی شەڕە لە ناوچەكەدا.”
باس لەوەشكراوە، پەیامەكەی “قەوارەی زایۆنی” كە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە، پاساو هێنانەوەیە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر عێراق و هەوڵەكانی بۆ فراوانكردنی بازنەی شەڕ لە ناوچەكەدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی جەختی كردۆتەوە كە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە عێراق بە دەست دەوڵەتەوەیە و وتوویەتی” ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت ئەو مافە بە خۆی بدات. هاوكات سەرلەنوێ ڕەتی كردەوە عێراق بخزێنرێتە ناو شەڕ”.
لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزارەتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی كردووە بۆ تاوتوێكردن و بەدواداچوونی پێشهاتەكان و دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی عێراق.
دوێنێ لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی كردبوو، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژە بەو هێرشانە دەكات كە لە عێراقەوە میلیشیاكانی شیعە دەیكەنە سەر وڵاتەكەی و ئاماژە بەوەش دەكات، گەر حكومەتی عێراق ئەركەكانی بەرامبەر ئەم میلیشیایانە جێبەجێنەكات، ئەوا هەریەك لە: عاسئیب ئەهل حەق، لیواكانی بەدر، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵا ئەوفیا، كەتیبەكانی سەید شوهەدا، ئەمانە لە ئیسرائیلەوە دەكرێنە ئامانجی هێرشەكانیان.