لە عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسڕائیل
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشكرای دەكات كە هێرشێكی دیكەیان كردۆتە سەر بنكەیەكی سەربازی لە ئیسڕائیل و ئامانجەكەشیان پێكاوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی درۆنەوە هێرشمان كردە سەر بنكەی سەربازی شەمشوون لە ئیسڕائیل.
راشیگەیاند: هێرشەكە بە دروستی ئەنجامدراوە و ئامانجەكەشی پێكاوە.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە رێگەی دوو درۆنەوە بەهەمانشێوە هێرشێكی دیكەی كردبوو و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی ئیسڕائیلی بریندار ببوون.
لەبارەی هێرشەكان لە عێراقەوە، دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاندبوو: بە وردی چاودێری ئەو هێرشانە دەكەین كە لەلایەن گرووپەكانەوە لە عێراق ئەنجام دەدرێن.
ئاماژەی بەوەشدابوو كە ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارییەكانن. جەختیشی كردبووەوە كە بەدڵنیاییەوە وەڵامیان بۆ ئەو هێرش و هەڕەشانە دەبێت كە لە عێراقەوە دەكرێن.