شاندێکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، پرسی مووچە تاوتوێ دەکەن
ئەمرۆ لە بەغدا، مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی، فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پێنج بەڕێوەبەری گشتی پێک دێت، شەوی ڕابردوو، (27-08-2024) گەیشتە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-08-2024، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی عێراق کۆ ببێتەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی، فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 32 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو مانگە خەرج کردووە.
جیا لەمەش، دوێنێ سێشەممە، 27-08-2024، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لەبارەی ئەوەی، بۆچی بەشێکی مووچەی مانگی ئابی خەرج کردووە، لە کاتێکدا لیستەکەیان بۆ نەچووە.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە مووچەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەیکات، “برسیکردنی خەڵکە و مەرامی سیاسیی لە پشتە” چونکە وەکوو خۆیان دەڵێن، هەموو پابەندییەکانیان لە بەرانبەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
ژێدەر
K24