نوێترین لێدوانی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل

وەزیری دەرەوەی ئێران: وەڵامدانەوەی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: لەم دوو ڕۆژەدا وەزیرانی دەرەوەی میسر، تورکیا، سعوودییە، ئازەربایجان، ئەرمینیا و ئیتاڵیان بۆ پیرۆزبایی پەیوەندییان پێوەی کردووە و ئەولەوییەتی سیاسەتی چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی ئێرانیش بە ئاراستەی ناوچەیەکی بەهێزی یەکگرتووە لە ڕێگەی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.

هەروەها نووسیویەتی: فەرهەنگ و پەیوەندییە مێژوویی و هەڵکەوتەی جوگرافیایی لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانە زیاتر جێگەی بە‌هێزکردنی پەیوەندیی و بەرژەوەندییە دوولایەنەکان بووە.

عێراقچی، ئاماژەیەکی تایبەتی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوە و نووسیویەتی: بە وردی و ڕاشکاوانە لە بارەی دۆخی ناوچەکە قسەم لەگەڵ ئانتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کردووە و پێیم گوتووە وەڵامی تاران بۆ زێدەڕییە تیرۆریستییەکەی ڕێمی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە، وەڵامدانەوەکەش ورد و کەمەر شكێن دەبێت.

هەروا نووسیویەتی: هەرچەندە ئێران هیچ ترس و نیگەرانییەکی نییە، بەڵام پێچەوانەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بە دوای فراوانکردنی ئاڵۆزییەکانەوە نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 31ـی تەممووز 2024، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانە تایبەتەکەی لە هێرشێکدا لە شوێنی حەوانەوەیاندا لە تارانی پایتەختی ئێران کوژران، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هەنییە بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی ئێران لە تاران بوو، ئەمەش تاران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بدات، بەڵام نزیکەی مانگێک بەسەر ڕووداوەکە تێدەپەڕێت و ڕۆژانە چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەکە لەلایەن بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی ئێران دووبارە دەکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر