بلینکن بۆ سوودانی: عێراق لە پاراستنی ڕاوێژكارە سەربازییەكان بەرپرسیارە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و ڕایدەگەیێنێ، بە‌غدا لە پاراستنی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا بەرپرسیارە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و لە پاڵ تاوتووێ کردنی دۆخی ناوچەکە، بلینکن جەختی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی حکوومەتی عێراق کردووەتەوە بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمەریکا لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە پابەندی بەردەوامیی بە ڕاوێژی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا – واشنتن کردووەتەوە و باسیان لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە کردووە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکی بە چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق، کە دوێنێ لە دوا ڕاگەیەندراودا هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر هێزەکانی ئەمەریکایان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە “پابەندی هیچ کۆتوبەندێک نابن، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا جارێکی دەست بۆ گرووپ و چەکدارەکانی بەرەکە درێژ بکەنەوە”.

ھەواڵی زیاتر