لە بەنگلادیش بازرگانێک دەکرێتە سەرۆکی وڵات

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش بۆ هیندستان ڕایکرد، محەممەد یونس، بازرگان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ کرایە سەرۆکوەزیرانی کاتیی وڵاتەکە.

محەممەد یونس کەسایەتیێکی ناسراوی سەرمایەداری بەنگلادیشە، بەوە ناسراوە کە هاوکاری هەژاران دەکات. محەممەد دامەزرێنەری بانکی ‘گرامین’ـە، هاوکات خاوەنی بیرۆکەی قەرزی بچووکیشە کە لە 2006 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا دوای ئەوەی 31 ملیۆن هاووڵاتی بەنگلادیشی کەمدەرامەت لە پڕۆژەکەی سوودمەند بوون.

محەممەد لە 2008 لەگەڵ حکومەتەکەی شێخ حەسینە کەوتە کێشەوە دوای ئەوەی لەسەر چەند تۆمەتێکی دارایی سکاڵای لە دژی تۆمارکراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا. بەوە تۆمەتبارکرا گوایە هێزی بەکارهێناوە بۆ سەندنەوەی قەرز لە خەڵک، بەڵام محەممەد ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە. هەر لەسەر ئەم تۆمەتانە لە 2011 لە پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕیی بانک دوورخرایەوە، لە 2013 بەتۆمەتی وەرگرتنی پارە بەبێ مۆڵەتی حکومەت دادگەیی کرا، بەڵام لە زۆربەی دادگاییکردنەکان بێتاوان دەرچوو.

سەرەتای ئەم ساڵ دادگەیەک لە داکا، محەممەد یونس و 13 کەسی دیکەی بەتۆمەتی سپیکردنەوەی دوو ملیۆن دۆلار دادگەیی کرد، یونس بێتاوانی خۆی لەم کەیسە راگەیاند و بە کەفالەت ئازادکرا.

لایەنگرانی محەممەد یونس دەڵێن: ئەو کەسایەتییە بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران دژایەتی دەکرا.

رۆژی دووشەممە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش بە فەرمی داوایان لە محەممەد یونس کرد سەرۆکایەتیی حکومەتی کاتی وڵاتەکە بکات، ئەویش داواکەی قبووڵکرد.

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، گرژییەکان مانگی رابردوو دەستیانپێکرد، کاتێک خۆپێشاندان لە دژی یاسایەک کرا کە 30٪ی دەرفەتەکانی کاری کەرتی گشتی تەرخان دەکرد بۆ منداڵ و نەوەکانی ئەوانەی لە جەنگی سەربەخۆیی دژی پاکستان دا بەشدارییانکردبوو. دواتر ناڕەزاییەکان فراوانتر بوون و داواکارییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حەسینە گۆڕدران. 

ھەواڵی زیاتر