سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت
دوای چوار جار دانیشتنی پەرلەمان، وابڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت.
بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێ بکات و تەوەری یەکەمی دانیشتنەکەش خوێندنەوەی دووەمە بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان. هەروەها بڕگەی دووەمی دانیشتی ئەنجوومەنەکە دووەم خوێندنەوەیە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 31ی ساڵی 2019کە لەلایەن لجنەی یاسایی ئامادەکراوە.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا بڕیارە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێکی نوێی پەرلەمانی عێراق بکرێت کە زیاتر لە شەش مانگە بێ سەرۆکە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەو پۆستە لە نێوان هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە شکستیان هێناوە.