هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکرد

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکردو 34 پارتی سیاسیی ڕکابەریی لە سەر مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 50.59٪ی دەنگدەران ئافرەت و 49.41٪یشیان پیاون. لە هەڵبژاردنەکەدا، ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.

لە تورکیا و باکووری کوردستان، 30 گەورە شارەوانیی هەن کە شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئادانا، ئەنتاڵیا، ئایدن، بالکئەسیر، بورسا، دەنیزلی، ئامەد، ئەرزەڕۆم، ئەسکیشەهیر، دیلۆک، هاتای، مەرسین، قەیسەری، کۆجائێلی، کۆنیا، مەلەتێ، مانیسا، مەرەش، مێردین، موغڵا، ئۆردو، ساکاریا، سامسوون، تەکیرداغ، ترابزۆن، وان و رووها-ن. لەنێویاندا حەوت پارێزگای باکووری کوردستان هەن کە ئامەد، مێردین، رووها، وان، مەرەش، مەلەتێ و ئەرزەڕۆم-ن.  

جگە لە گەورەشارەوانییەکان، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن. لەنێو ئەم پارێزگایانەدا 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان و 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن. هەروەها 14 هەزار و 856 کەس خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان بەربژێر کردووە.

وەک نەریتێکی باو لە تورکیا، سەرجەم هەڵبژاردنەکان رۆژی یەکشەممە دەکرێن و ئەمرۆ یەکشەممە بەپێی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە دوو کاتی جیاوازدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

ھەواڵی زیاتر