دادگای فیدرالی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە.

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، کە دادگای فیدراڵی سبەی یەکشەممە ١٧ی٢ی٢٠٢٤ رەنگە بڕیارێك بدات، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، ئەوا زۆرتر ڕوون دەبێتەوە کە نیەتیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان خراپە.

سكاڵاكە لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، لە كاتێكدا پێشتر یاساكە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران (بە پەرلەمانتارانی یەكێتیشەوە) دەرچوێندراوە.

لەمبارەیەوە شوان محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: “سەرۆک بارزانی لە خەمی ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە، دەزانێت کە لە زۆر بابەتدا گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، لە روانگەی هەستکردنی بە هەستیاریی بارودۆخەکە، لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا گفتوگۆی کرد و بە باشی ئاراستەی رووداوەکان و نیەتی هەموو لایەک لەسەر بابەتەکان دەزانێت چییە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، ئەوا ئەگەرەكە ئەوەیە، کە نیەتێک هەیە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت، چونکە ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستای عێراق لە مانگی حەوتی ئەمساڵ ماوەكەی بەسەر دەچێت، مانگێکیشی دەوێ پێش ئەو وادەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن (تەسدیق) بکات.

هاوکات گوتیشی: “کە هەڵبژاردن دەکرێت ئەبێ کۆمیسیۆن بۆ تەسدیقکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن مانگێکی لەبەردەستدا بمێنێت، بەرنامەی کاری کۆمیسیۆن بەهۆی ئەو خشتەیەی بۆ ئیشکردن دایانناوە گرفتی بۆ دروست دەبێت.”

ئەوەشی خستە روو، کە ئەگەر هەیە سبەی یەکشەممە ١٧ی٢ی٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی بڕیارێک بدات، بەڵام “ئەگەر وای نەکرد، ئەوە دەرخەری نیەتی خراپیانە.”

ھەواڵی زیاتر