ئیسرائیل بڕیارەکانی دادگای لاهای فەرامۆش دەکات

لە کاتێکدا دوو هەفتە بەسەر دەرکردنی بڕیارەکانی دادگای لاهایدا تێپەڕیووە لەسەر ئەو دۆسیەی سکاڵایەی کۆماری ئەفریقای باشوور دژ بە ئیسرائیل لە دادگاکە تۆماری کرد، بەلام ئیسرائیل بەردەوامە لە گوێ نەدان بە بڕیارەکانی دادگاکە لەبارەی ڕێگەدان بە هاوکارییە مرۆییەکان و کردەکانی کوشتن.

دادگای لاهای، لە ٢٦ی کانوونی دووەمدا بڕیاریدا لەسەر ئەوەی ئیسرائیل هەموو جۆرە ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ رێگریی کردن لە هەر جۆرە کردەیەک کە دەبێتە هۆی کوشتن، هێرش و کاولکاری بۆ سەر خەڵکی غەززە.

بەڵام داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دەدەن کە ئیسرائیل لە دوای بڕیاری دادگای لاهای لە بری ئازادکردنی ئەو هاوکارییە مرۆییە سمبولیانەی ڕێگەی پێدراوە بچنە غەززەوە، زیاتر توندی کردوون.

هەروەها سەرەڕای بڕیاری دادگای لاهای بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەر جۆرە کردەیەکی کە دەبێتە هۆی کوشتن، هێرش و کاولکاری بۆ سەر خەڵکی غەززە، ئیسرائیل لە ٢٦ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا هەزار و ٦٢٥ فەڵەستینی دیکەی کوشتووە.

سەرچاوە: AA

ھەواڵی زیاتر