بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی لە هێرشەکەی ئەمریکادا دەکوژرێت
لەهێرشەکەی ئەمشەوی ئەمریکا بۆسەر میلیشیاکانی سەر بەئێران لەنێو خاکی عێراق و سوریا، بەرپرسێکی باڵای حەشدی سەعبی دەکوژرێت.
گرووپە چەکدارەکان رایانگەیاندووە، ئەمشەو عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتیی لۆجیستیی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر قائیم کوژراوە و تاوەکو ئێستا تەنیا ناوی ئەو بەرپرسە لەنێو کوژراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 10 چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی دەکەن لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشدەکەن هێرشەکان زەبرێکی گەورەیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی حیزبوڵڵا گەیاندووەو سەرجەم کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان کراونەتە ئامانج و بەتەواوەتی لەناوبراون.
هاوکات هەندێک سەرچاوەی ئەمنی دەڵێن لە هێرشەکەی ئەمریکادا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، فڕۆکەی ئێف 16ـەش بەشداربوون. دەشڵێن لە 20 هێرشی ئەمریکا زیاتر لە 10 خانوو لە عەکاشانی شاری قائیم کراونەتە ئامانج.