پەیامێك لە وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە
ڕۆژی دووشەممە 22ی 1ی 2024 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكیەكەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لەدژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە.
جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكوومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكیەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لەدژی هاووڵاتیانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە.
فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە.
ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن – منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لەدژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت.
ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن موشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و موشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان