وەزیری نەوتی عێراق: هەوڵدەدەین هەموو کێشەکان هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر هەردووکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە. 

حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، “بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت”.

وەکو ئەوەی حەیان عەبدولغەنی باسی کرد، “هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن”.

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، “هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین”.

لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، “لەگەڵ تورکیا لەیەکتێگەیشتنمان هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر