ڤیدیۆ.. لە بەسرە مەزاری ئەنەسی کوڕی مالیک دەسووتێنرێت

لە پارێزگای بەسرە، مەزارگەی هاوەڵێکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) دەسووتێنرێت و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق هەڕەشە دەکات، “ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە.”

دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە مەزار و گۆڕی ئەنەسی کوڕی مالیک هاوەڵی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە پارێزگای بەسرە سووتێنراوە و تێکدراوە.

لەسەر رووداوەکە، رۆژی 10-11-2023، دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، باس لەوەدەکات، “جێگەی داخە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوبووەتەوە کە بە ئەنقەسەت مەزاری هاوەڵ و خەزمەتکاری پێغەمبەر (د.خ.)، ئەنەسی کوڕی مالیک تێکدراوە.” 

دیوانەکە دووپاتی دەکاتەوە، “پێویستە پارێزگاری لە دەستکەوتی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خەڵکی بەسرە و عێراقییەکان بەگشتی بکرێت و دەست بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە نەبرێت لە رێگەی هەڵسوکەوتی نا یاسایی، نا ئاکاریی، نابەرپرسانە، بێ پاساو و ناڕەوا.” 

دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، داوا لە پارێزگاری بەسرە، بەرپرسانی پەیوەندیدار، لایەنی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات رووبەڕووی ئەو پەلامار و دنەدانە ببنەوە و دەستبەجێ سنووری بۆ دابنرێت و  تاوانکاران بدرێنە دادگە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن لەسەر ئەو کارەی کردووویانە کە پێشێلکردنی سنووری یاسایە، دەستبردنە بۆ یاسا و بنەما نەگۆڕەکان و پیرۆزیی ئایینی موسڵمان بە گشتی و خەڵکی سوننە بەتایبەتی.

دیوانی وەقفی سوننە دەڵێت، “بە پێچەوانەوە ناچار دەبن پەنا بۆ دادگەی ناوەندی ببەن لە بەغدا بۆ راگرتنی ئەو پێشلکارییانە”، حکومەتی خۆجێی بەسرە بە بەرپرس دەزانێت و پێیوایە دەستەوسانە لە پاراستنی ئاسایشی هەمووان.

مەزاری ئەنەسی کوڕی مالیک دەکەوێتە باکووری قەزای زوبێر لە رۆژئاوای پارێزگای بەسرە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانە و شعێبەیە، وەک ناوچەیەکی شوێنەواری لە عێراق تۆمارکراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە لەو پارێزگا زۆرینە شیعەیە، ساڵی 2019 بەهەمان شێوە رووبەڕووی کارێکی تێکدەرانە بووەوە.

ژێدەر
رووداو

ھەواڵی زیاتر