هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەست پێدەکات، 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.
لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.
پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی “کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست” بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی “هاوپەیمانی جمهوور” بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە “هاوپەیمانی میللەت”-دا کۆبوونەتەوە.
هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی “هاوپەیمانی کار و ئازادی” بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی “پارتی سەوزی چەپ”دا بەشدارە.
هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی “هاوپەیمانی ئاتا” و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی “یەکێتیی هێزی سۆسیالیست” بەشداری دەکەن.
ژێدر
K24