كرێكارانی گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی ئێران مانیان گرت

كرێكارانی گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی ئێران وەک ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ حكومه‌ت لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە مانیان گرت.

رۆژی سێشەممە 11-10-2022 لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (HRANA) بڵاوی کردووەتەوە، کە سایتێکی هەواڵییە و لەلایەن دەستەیەک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، تێیدا دەرکەوتووە کە دەیان کرێکار لە دەرەوەی پاڵاوگەی ئابادان لە پارێزگای خوزستانی دەوڵەمەند بە نەوت کۆدەبنەوە.

پاڵاوگەی ئابادان گەورەترین پاڵاوگەی ئێرانە و کۆنترین پاڵاوگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

مانگرتنەکان لەو پاڵاوگەیە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو ڕاپەڕینەدا کە شای پێشووی ئێرانی ڕووخاند و کۆماری ئیسلامیی هێنایە ئاراوە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە رژیمی ئێران ناتوانێت بەرگەی مانگرتنی گەورە لە پیشەسازی نەوتی خۆی بگرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سەرەتای ساڵی 1978 ئێران (دانیشتووان 35 ملیۆن کەس) بوو، ئەوکات وڵاتەکە لە ڕۆژێکدا 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، ئێرانی ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی 83 ملیۆن کەسە و لە ڕۆژێکدا 2.5 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت”.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە 10-10-2022 کرێکارانی وێستگەکانی پترۆکیمیای شاری بەندەری عەسالویە مانیان گرت و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

کرێکارانی مانگرتوو دروشمیان دژ بە عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەرزکردەوەتەوە و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەیان داخست، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە لایەن @1500tasvir بڵاوکراوەتەوە کە هەژمارێکی تویتەرە و زیاتر لە 200 هەزار فۆڵۆوەری هەیە و چاودێری ناڕەزایەتی و پێشێلکارییەکانی ئێران دەکات.

بەرپرسێکی ناوخۆی ئێران ڕۆژی سێشەممە 11-10-2022 رایگەیاند کە مانگرتنی ڕۆژی دووشەممە لە عەسالویە لەسەر کێشەی مووچە بووە و پەیوەندی بە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی دژی حکومەتەوە نییە کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینیەوە سەریهەڵداوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کە کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵان بوو، لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە هێرشی کرایە سەر و گیانی لەدەستدا.

لە دوای مردنی ئەمینیەوە، ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی پەرەیان سەندووە خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، خۆپیشاندەران لەدژی خامنەیی دروشم دەگێڕنەوە و داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن

ھەواڵی زیاتر