لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی ئێران دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 9-10-2022 بڵاویانکردەوە، لە میانەی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

شەپۆلێکی خۆپیشاندان ئێرانی هەژاند، پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی ئەیلولدا، دوای دەستبەسەرکرن و ئەشکەنجەدانی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی لە تاران بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جلوبەرگ.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا رایگەیاند، شەوی شەممە 8-10-2022 گروپێکی خۆپیشاندەران لە باشووری تاران، هێرشیانکردە سەر ئەندامێکی هێزی بەسیج و “دوای برینداربوونی و گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەسیج میلیشیایەکی نیمچە سەربازییە و پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد: هەر ڕۆژی شەممە لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری سنە، ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، ژمارەی ئەو هێزە ئەمنیانەی کە لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، بەلایەنی کەمەوە دەگاتە 14کەس.

ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ شاره‌ جیاجیاکان له‌وان تاران و سنه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تییەکی زۆر سەری هەڵدایەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، “پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک لە دەیان شوێنی تاران، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە”.

بەپێی ئاژانسەکە، خۆپیشاندانی هاوشێوە لە ژمارەیەک شاری دیکەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە و خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر ناوەندەکانی بەسیج و سوپای پاسداران.

ھەواڵی زیاتر