چوار کەس لەسەر بەرزکردنەوەی وێنەی سەدام حوسێن دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەسەر بەرزکردنەوەی وێنە و ستایشکردن و پێداهەڵدان بە سەدام حوسێن، چوار کەسی لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرد.

رۆژی چوارشەممە 5-10-2022، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان چوار کەسیان دەستگیرکردوون، کە لە کاتی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانی لە پارێزگای ئەنبار، وێنەیان بەرزکردووەتەوە و درووشمیان بەسەر رژێمی پێشوودا هەڵداوە.

پارێزگای ئەنبار دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق، نزیکەی یەک لەسەر سێی رووبەری خاکی عێراق پێکدێنێت، زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننەن.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گوتەی ئەو دەستگیرکراوانە وەرگیراوان، هەروەها رێکاری پێویستیان لە بەرامبەر گیراوەتەوەبەر، بەپێی ماددەی (7)ی بڕگە یەک لە دەستووری عێراق دا.  

بەپێی ماددەی 7 بڕگە 1ی دەستووری عێراقدا: “رێگەنادرێت بەهیچ هێزێک رەگەزپەرستی یان تیرۆر یان تەکفیری و پاکتاوی نەژادی بکاتە بەرنامەی خۆی، یان هانی ئەو کارانە بدات، یان رێگەیان بۆ خۆش بکات، یان بانگەشەیان بۆ بکات و پاساویان بۆ بێنێتەوە، بەتایبەتی حیزبی بەعسی سەدام لە عێراقدا لەژێر هەر ناوێکدا بێت. رێگەش نادرێت لەژێر ناوی فرەیی سیاسی جێی ببێتەوە، ئەمەش با یاسا رێکدەخرێت”.

رۆژی دووشەممە 3-10-2022 بە بۆنەی “رۆژی نیشتمانی” لە عێراق پشووی فەرمی بوو. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە، ژمارەیەک کەس لە پارێزگای ئەنبار وێنەی سەدام حوسێن بەرزدەکەنەوە و ستایشی رژێمی پێشوو دەکەن.

رووداو

ھەواڵی زیاتر