عێراق فڕۆکەیەک هاوکاری نارد بۆ لوبنان
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە حەسەن دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنانەوە کردووە و بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی عێراق”کازمی هاوخەمی بۆ گەلی لوبنان دەربڕیوە و وەکو هاوکارییەکیش بۆ ئەو وڵاتە بڕیاریداوە فڕۆکەیەک هاوکاری پزیشکی بەپەلە رەوانەی ئەو وڵاتە بکات”.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەمە، دوو تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بەندەری بەیرووت روویاندا، تەقینەوەی دووەمیان هێز و دەنگێکی یەکجار گەورەی هەبوو، سەرچاوە تەندروستییەکانی لوبنان گوتیان، لە ئەنجامی هەردوو تەقینەوەدا نزیکەی 100 کەس کوژراون و 3700 کەسیش بریندار بوون.
کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی رایگەیاند، لە تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی بەیرووتی پایتەختی لوبناندا، 10 هاووڵاتیی عێراقی برینداربوون، بەڵام برینەکانین سەخت نین.