یەکێتی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغداوە هۆشداری دەدا

بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ناتوانرێت لە دەرەوەی یاسا و دەستور هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدرێتەوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە گەر عێراق بەرەو ئاڵۆزی و دۆخی نەخوازراو بڕوات، هیچ لایەک لێی دەرباز نابێت.  

رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، لە بارەی بارودۆخی عێراق لە ژێر سایەی ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکاندا (پێنجشەممە 11-8-2022) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ” دۆخی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک، یاسا و دەستوری تێپەڕاندووە، لە هەموو هەڵبژاردنێکدا ناکۆکی هەبووە و پێکهێنانی حکومەت چەند مانگێکی خایاندووە بەتایبەت لە یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەمجارە شیعە دابەشبووە، بەرەیەک دەیەوێت بەرەکەی تر بسڕێتەوە.”  

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەپێی یاسا و دەستور، دەبێت پەرلەمان کۆببێتەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، تا یاسای هەڵبژاردن و بودجە بۆ هەڵبژاردن تەرخان بکرێت، دەبێت سەدر رازی بکرێت.”  

بەرپرسەکەی یەکێتی ڕوونیکردووەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختن بەپێی رێکارە یاساییەکان، ڕێکارە یاساییەکانیش پێکهێنانی حکومەتی هەمیشەییە، نەک کاربەڕێکەر بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن هەمواری یاسا و ئامادەکاری کۆمیسیۆن و بودجەی دەوێت، گەر زۆر پەلەش بکرێت ڕەنگە لە کۆتایی ساڵی 2023 بتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت، گوتی”ئەستەمە هەڵبژاردن لە دەرەوەی یاساو دەستور ئەنجام بدرێت.”  

رابیحە حەمەد باسی لەوەشکردووە، “دەبێت بەرێز سەدر ڕازی بکرێت، خۆ نابێت بەخواستی ئەو هەموو پرۆسەی سیاسی سەراوبن بکرێت، هەڵبژاردن بەبێ ڕێکارەکان کودەتایە بەسەر یاسا و پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی دا، گەر عێراقیش ئاڵۆزببێت، هیچ لایەک لێی دەربازی نابێت.”  

دەربارەی هۆکاری نیگەرانی هێزە شیعەکان لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی دەڵێت، “شیعەکان بەشێوەی کاتی ڕازیبوون بە دەست بەکاربوونی کازمی وەک سەرۆک وەزیران، چونکە ئەوان هەموویان قوربانییان داوە و خاوەن هێز و کوتلەی پەرلەمانین، پێیان قورسە کەسێک لەولاوە بێت، حوکمڕانی عێراق بکات.”  

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێزە شیعەکان پێیانوایە کازمی ڕۆڵی خراپی هەبووە لە ئیدارەدانی خۆپیشاندانەکان و دەرگای بۆ چوونی خۆپیشاندەران بۆ نێو پەرلەمان کردووەتەوە، چونکە کازمی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە.”  

چاوەڕوان دەکرێت سبەی هەینی، جارێکی تر خۆپیشاندانی لایەنگرانی دوو بەرە شیعەکە سەرهەڵبداتەوە، ئەوەش دوای ڕەتکردنەوەی خواستی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە.  

ھەواڵی زیاتر