بەی خۆڵبارین لە بەشێکی عێراق دەست پێ دەکاتەوە
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام (با) بە خێرایی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات، هەندێکجاریش خێرایی (با) دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و دەبێتە هۆی خۆڵبارین، بۆیە مەودای بینین بۆ 2 تاوەکو 4 کیلۆمەتر کەمدەبێت.
عامر جابری وتیشی، سبەی ئاسمان لە ناوچەکانی باکووری عێراق ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما هەر وەکو ئەمڕۆ شەممە دەبێت، هەروەها خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات و مەودای بینین لە نێوان 6 بۆ 8 کیلۆمەتر دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتە؛ وتەبێژی کەشناسیی عێراق ئاشکرایکرد: دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو ئاسمان لە ناوچەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عێراق ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما وەکو رۆژی پێشتر دەبێت. هەروەها خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات، هەندێکجاریش خێرایی با دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و دەبێتە هۆی خۆڵبارین، بۆیە مەودای بینین بۆ 2 تاوەکو 4 کم کەم دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەین چوارشەممەی ئەم هەفتە خۆڵبارین کۆتایی بێت.