خەلیفە نوێیەکەی داعش کێیە؟

بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی، دەگوترێت ئەو کەسەیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەیعەتی پێدراوە بۆ ئەوەی ببێتە خەلیفەی تازەیان. بەشار بەپێی زانیارییە کەمە کۆکراوەکان پێشتر چەکداری ئەنسارولئیسلام بووە و دواتریش بە”دادوەری خوێن”ی داعش دیاریکراوە، بەیەکێک لە سەرکردە کۆنەکانی داعش و نزیکترینەکانی خەلیفەی پێشووی داعش دادەنرێت.

رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئاداری 2022، دامەزراوەی “فورقان”، یەکێک لە دامەزراوە میدیاییەکانی رێکخراوی داعش، پەیامێکی دەنگیی ئەبو عومەری موهاجیر، گوتەبێژی داعشی بڵاوکردەوە، کە تێیدا خەلیفە نوێیەکەی داعشی ناساند بەناوی “ئەبو حەسەن هاشمی قوڕەشی”، بەبێ ئەوەی ناوی تەواوی بڵاوبکاتەوە.

پەیامە دەنگییەکەی موهاجیر لە کاتێکدایە رۆژی 25ی شوباتی 2022، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش،  بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی وەکو یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ خەلیفەی نوێ ناساندووە و دەڵێت: “لەماوەی رابردوودا ناوبانگی زۆری پەیداکردووە و لەساڵی 2013ەوە لە ئەنساروئیسلامەوە جیابووەتەوە و بووەتە داعش.”

بەپێی  ئەو زانیارییە کەمانەی لەسەر بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی بڵاوکراونەتەوە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعشیش هەندێکی دەستکەوتووە، خەلیفە نوێیەکەی داعش بە “حاجی زەید” دەناسرێت، سەرپەرشتیاری دادگە و دەستە شەرعییەکان بووە، چەندین ناسناوی هەیە لەوانە” ئەبوو خەتاب عێراقی” و “ئەبو ئیسحاق” کە نزیکەی ساڵێک دەبێت لەتورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ سووریا.

وردەکارییەکانی ژیانی سومەیدەعی لەرێگەی ئەو کەسانەی کە دەیناسن و لەگەڵیدا ژیاون کۆکراونەتەوە، یەکێک لەو کەسانە بەشێک بووە لە بازنەی نێوخۆیی و یەکێکی دیکە راوێژی داوەتە حکومەتی عێراق، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن حاجی زەید پێشتر وەکو یەکێک لەبەهێزترین جێگرەوەی خەلیفەی داعش لە نێوەندە جیهادییەکاندا ناوی هاتووە.

چەند پێوەر و ئاماژەیەک هەن کە راست و دروستیی ئەوە دەسەلمێنێت بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی خەلیفە نوێیەکەی داعش بێت، لەوانە ئەو یەکێکە لەو بەربژێرە دەگمەنانەی کە دەگوترێت لەوەچەی بنەماڵە و خێزانی محەممەد پەیامبەری ئیسلامە، ئەوەش خەسڵەتێکە لەپێشترێتی پێدەدات، ئەوە جگە لەوەی لەهەمان هۆزی موفتیی گشتیی عێراق “مەهدی سومەیدەعی”یە، سەرباری ئەوەی داعش دەیەوێت خۆی لەو رەخنانە بەدووربگرێت کە پێشتر بەهۆی خەلیفەکەیەوە، کە دەگوترا عەرەب نییە لێ دەگیرا، چونکە خەلیفەکەی پێشووی کەسێکی بەرەچەڵەک تورکمان بوو.

بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی، لەساڵی 2013، پێش ئەوەی ئەبوبەکر بەغدادی گرووپە عێراقییەکەی و لقەکەی سووریای یەکبخات پەیوەندیی بە ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە کردووە، پێش ئەوەش ئەندامی ئەنسارولئیسلام بووە، کە رێکخراوێکی جیهادی بووە و ئەندامەکانی زیاتر ئەو کورد و عێراقیانە بوون، کە لەئەفغانستان و شیشان شەڕیانکردبوو و ساڵی 2001 دروستببوو و دژایەتی خۆشی بۆ  حکومەتی هەرێمی کوردستانیش راگەیاند لەکاتی خۆیدا، سومەیدەعی لەساڵی 2013 لەگەڵ گرووپە چەکدارەکە چووەتە سووریا.

بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری (New Lines) ی ئەمریکی، خەلیفەی پێشووی داعش بایەخی زۆری بە سومەیدەعی داوە، چونکە زۆرینەی سەرکردە و ئەندامانی رێکخراوە لەلای ئەو خوێندوویانە.

پێشتر بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی لە سەنتەرێکی ئاینی لە ناوچەی”باب جدید” بەناوی ئیمامی موتەقین وتاری داوە و ژمارەیەک لە سەلەفی جیهادییەکانی داعش و دادوەری بۆ رێکخراوەکە پێگەیاندووە.

لەساڵی 2019 یەکێک لە قوتابییەکانی دەستگیرکرا و دانی بەوەدا نا کە بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی سەرەتای ساڵی 2014 وەکو گەورە دادوەری رێکخراوی داعش دیاریکراوە.

بەشار خەتاب غەزال سومەیدەعی تەواو زۆر نزیک بووە لە ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی پێشووی داعش، سومەیدەعیی لە ساڵی 2014 بە”دادوەری خوێن” لە نەینەوا دامەزرا، کە دادوەرێکە تایبەتە بە تاوانەکانی کوشتن یان سزای لەسێدارەدان.

گۆڤاری (New Lines)ی ئەمریکی روونیکردووەتەوە کاتێک ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی  لەکۆتاییەکانی ساڵی 2019 بووە خەلیفەی داعش، سومەیدەعی ئەندامی دەستەی باڵای ناسراو بە”لێژنەی راسپێردراو” بووە لەگەڵ پۆستەکەی دیکەیدا.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە دوای تێکشکانی داعش لە رەقە چووەتە تورکیا و دواتر  گەڕاوەتەوە بۆ سووریا.

ئاماژەکان باس لەوەدەکەن سومەیدەعی جگە لەوەی یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی داعش، هەروەها زۆر نزیک بووە لە خەلیفەی پێشووی داعش.

رۆژی 3ی شوباتی 2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا زانیاری لەبارەی هێرشی هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ماڵی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەشی، خەلیفەی دووەمی داعش لە باکووری سووریا باسکرد و گوتی، دوای ئەوەی گەمارۆ دراوە، خۆی تەقاندووەتەوە و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەگەڵ خۆیدا کوشتووە.

بەپێی گێڕانەوەی ئەمریکییەکان ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی لە ماوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکادا بۆ سەر ماڵەکەی، خۆی تەقاندەوە، کە لە شارۆچکەی ئاتمە لە پارێزگەی ئیدلب دەژیا، شارۆچکەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی تەحریر ئەلشامی نەیاری داعشدایە، دوای گەمارۆدانی ئەو خانووەی تێیدا دەژیا، ئەمریکییەکان بانگەوازی خۆبەدەستوەدانیان بۆ خەلیفەی پێشووی داعش کردبوو، بەڵام ئامادەنەبوو و خۆی تەقاندەوە و هاوسەرەکەشی کوشت.

ئەبوبەکر بەغدادی دامەزرێنەر و یەکەم خەلیفەی داعش لە ئۆکتۆبەری 2019 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کوژرا، دوای ئەوەی هەزاران عێراقی و کورد و خەڵکی بیانی کوشت.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر