چوار خوشک و برا لەکاتی فەرش شۆردن بە کارەبا گیانیان لەدەستدا
لە بەسرە دوو خووشک و دوو برا کە گەورەترینیان 17 ساڵ و بچووکترینیان 8 ساڵان بوو، لە کاتی ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان بۆ زیارەتکارانی یادی کۆچی دوایی ئیمام حوسێن، لەسەر بانی ماڵەکەیان فەرشیان دەشۆرد. دوای شۆردنی، فەرشە تەڕەکە لە نێو دەستیاندا بەر تەزووی کارەبای ڤۆڵتیە بەرز دەکەوێت و دەستبەجێ هەرچواریان گیانلەدەست دەدەن.
باوکەکەیان بە دڵێکی شکاوەوە، بەرپرسیاریەتیی مردنی رۆڵەکانی دەخاتە ئەستۆی حکومەت، چونکە پێشتر داوای کردبوو هێڵی کارەباکە لە ماڵەکەی دووربخەنەوە، بەڵام بەدەمیەوە نەچووبوون. حەیدەر عەلی زەیداوی، باوکی چوار کۆچکردووەکەیە و دەڵێت، “من وەکو تاکێک، پشتڕاستی دەکەمەوە کە کەمتەرخەمی لە لایەن حکومەتەوە هەیە. ئەگەر هەموو عێراقیشم بدەنێ قەرەبووم ناکەنەوە. دوێنی چوار منداڵم هەبوو، ئەمڕۆ تەنانەت کوڕێکیشم نییە. هیچ شتێک بەلامەوە سوودی نییە. بەڵام داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەم کە رێگە نەدەن خەڵکی دیکە ببنە قوربانی کەموکوڕییەکانیان.”
کەسوکارەکانیان داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکەن پێداچوونەوە بۆ چۆنیەتی دانانی هێڵەکانی کارەبا بکەن و لە ماڵەکان دووریان بخەنەوە بۆئەوەی ئەم کارەساتە بەسەر هیچ خێزانێکی دیکەدا نەیەت. محمەد جەواد زەیداوی، مامی کۆچکردووەکانە و دەڵێت، “ئێمە بووینە قوربانی، بەڵام سوپاسگوزاری خواین؛ پێویستە رێگە نەدرێت منداڵانی دیکەی عێراقی وایان بەسەر بێت. لە میدیاکاندا دەیبینین، هەرکە باران باری، یەک دوویەکیان بە کارەبا دەمرن، رۆژێک دەبینی تەلی کارەبای ڤۆڵتیە بەرز دەکەوێتە ناوەڕاستی شەقامەکە، رۆژێک تەلەکە شۆڕدەبێتەوە، یان بەهۆی تەقینەوەی بۆمب دەکەوێتە خوارەوە. داوا لە حکومەت دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکات.”
خانووەکە پێش هاتنی هێڵی کارەبا لەو ناوچەیە بووە. خەڵکی گەڕەکەکە دەڵێن، مردنی ئەو چوار خووشک و برایە بەهۆی بێ پلانیی وەزارەتی کارەبای عێراقەوە بووە، چونکە نەدەبوو تەزووگۆڕەکەیان لە نزیک ماڵەکەیان دابنێن.
رووداو