ئێران: عێراقییەکان بە ڕۆح و گیان خۆیان فیدای کەربەلا و نەجەف دەکەن
سەرۆکی سوپای پاسداران، حوسێن سەلامی لەگەڵ سەرۆکی حەشدی شەعبی فالح فەیاز لە تاران کۆبوونەوە.
حوسێن سەلامی، ئاماژەی بەوە کرد کە حەشدی شەعبی ھێزی سەرەکی بوو لە شکاندنی داعش و سەرچاوەی ئاسایش و جێگیری وڵاتە.
وتیشی: تێکەڵبوونی خەڵکی عێراق و بڕوایان بە حەسدی شەعبی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاسم سولەیمانی و مەھدی موھەندیس کە ئازایەتییەکەیان سەلماندی خەڵکی عێراق ئامادەن بە ڕۆح و گیان خۆیان فیدای نەجەف و کەربەلا، کازمیە و سامەڕا بکەن.
لە لایەن خۆیەوە، فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبی ڕۆڵی سوپای پاسدارانی بەرز نرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و حەشدی شەعبی بە شانازییەوە لەگەڵ سوپای پاسداران کار دەکات لە سەر شۆڕشێکی ئیسلامی.
پێشتریش عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح فەیاز، جەختی لەسەر کار کردن بۆ ھەرچی زووتر کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق کردبۆوە بە پێی دەستووری وڵات.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕاشیگەیاندبوو: “ھەرچی زووتر کشانەوەی ھێزە بیانییەکان، نەک ھەر لە ڕووی ئاسایش و کێشەی سیاسییەوە سوودی ھەیە، بگرە ھەنگاوێکە بۆ بونیادنان و جێگیری ئاسایشی عێراق”.