سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبارانی سەربازگەی سپایکەر دەرچوو
دادگای تاوانی ناوەندیی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ نۆ تۆمەتباری تاوانی سەربازگەی ئاسمانیی سپایكەر دەركرد، كە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەرانبەر سەربازانی سوپای عێراق ئەنجام درا.
لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق بڵاوی كردەوە كە هەموو تۆمەتبارەكان دانیان بە بەشداریكردنیان لە تاوانەكەی سەربازگەی سپایكەردا ناوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە “تۆمەتبارەكان دانیان بە بەشداریكردنیان لە تاوانی سەربازگەی سپایكەر و كوشتنی چەند هاووڵاتییەكی بێتاواندا ناوە، تاوانەكانیشیان بەپێی پلان و بەرنامەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە هاوینی ٢٠١٤دا ئەنجام داوە.
جێی باسە ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای تاوانی ناوەندیی عێراق لە سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی رەسەفای فیدراڵی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ نۆ تۆمەتبار لە كەیسی تاوانی سەربازگەی سپایكەر دەركرد.