عێراق.. وشکەساڵی ئاوی رووبارەکانی سوێرکردووە
کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کە لە وڵاتانی دراوسێوە دەڕژێنە رووبارەکانی دیجلە و فورات، سوێری ئاوی لە شەتولعەرەب زیادکردووە ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
جووتیارانی باشووری عێراق درکایان بەو کاریگەرییە کردووە و زیانمەندی سەرەکی ئەوانن.
محەممەد قاسم، جووتیارە و دەڵێت “جووتیاران کە کشتوکاڵ دەکەن، ئەوان تۆوەکان، پەینی کیمیایی و دەرمانە قڕکەرەکانیان لەدەستدەدن، چونکە زەوییەکە هیچ بەرهەمناهێنێت. هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی سوێری ئاوە چونکە کاتێک بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ئاو دەدەین، دەبینین زەوییەکە سپی بووە. چەندین جار هەوڵمان داوە جۆگەکان خاوێن بکەینەوە، بەڵام کە خاوێنیشیان دەکەینەوە، ئاوی سوێر بەنێویدا دەڕوات”.
سەرەتاکانی کەمئاوی و وشکەساڵی لەم ساڵدا لە عێراق دەرکەوتوون و ئاوی دەریاچەکان چەندین مەتر دابەزیوە بۆیە ئەم هاوینەی عێراق سەخت و دژوار دەبێت.
رووبارەکانی دیجلە و فورات نزیکەی 80٪ی سەرچاوەی ئاوی عێراق پێکدەهێنن. هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش دەیان بەنداویان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە دروستکردووە کە دەڕژێنە عێراق.
عادل لازم ، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت “ئێستا ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەرەو کەمبوونەوەیە بۆیە رێژەی سوێری ئاو بەرزبووەتەوە. تورکیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێ بەربەست لەبەردەم هاتنی ئاو بۆ عێراق دروستدەکەن. کاتێ ئاستی ئاو لە رووبارەکە دادەبەزێت، ئاوەکە زۆر سوێرە و هەر ئەوەشمان پێدەگات، چونکە ئاوی دیکە نییە. زۆر بە خراپی کاریگەری لێمان کردووە”.
دەیان ساڵە هۆشداری لە قەیرانی ئاو لە عێراق دەدرێت و ساڵ دوای ساڵیش مەترسی بە بیابانبوونی دەشتایی و زۆنگاوەکان زیاتر دەبێت.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی بیابانبوونەوە عێراق ساڵانە چەندین کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی بەپیت لەدەستدەدات؛ لەپاڵ لەدەستدانی چەند جۆرە ئاژەڵێکی دەگمەن بەهۆی سوێربوونی ئاوی زۆنگاوەکان.