چەند بارهەڵگرێكی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سوتێنران
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە 11ی تەمموز، ڕایگەیاند زانیارییمان نییە لەبارەی ئەو سێ بارهەڵگرەی کە لە باشووری عێراق سوتێنران و کەلوپەلی سەربازییان هەڵگرتبوو.
نوسینگەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەو هێرشانەی لە عێراق هێزەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج بەتایبەت ئەو هێرشەی کە لە ناوچەی دیوانییە ئەنجامدراوە.
میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکانەوە بڵاویانکردەوە، هێرشکراوەتە سەر کاروانێکی بارهەڵگرەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ڕێگای دیوانییە و موسەننا، بەهۆیەوە سێ لە بارهەڵگرەکان سوتێنراون، هێرشەکانیش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراون.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە ئاژانسی فورات نیوزی عێراقی وتووە، کە بارهەڵگرەکان عێراقی بوون و کەلوپەلی ئەمریکییان هەڵگرتووە بەرەو یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەسرە ڕویشتوون.