هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ تاران ده‌خاته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه
دوای کوژرانی موحسین فەخری زاده، زانای ئەتۆمی ئێران، ئه‌و وڵاته نامهیكی ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه له‌باره‌ی گرتنەبەری ڕێوشوێنی وێرانکارانە، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە کۆتا ساتەکانی مانەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە دەسەڵات.
ئێران له نامه‌كه‌دا هۆشداری داوه و ده‌ڵێت، “هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و دابینکردنی ئاسایشی گەلەکەمان و بەرژەوەندییەکانمان ده‌گرینەبەر.”
ده‌شڵێت، “چاوەڕوانی ئەوە لە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین ڕێوشوێنی توند بەرامبەر تیرۆركاران بگرنه‌به‌ر.”
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، فەرحان حەق، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرای كرد، ئاگاداری هه‌موو ڕێوشوێنه‌كانی کوشتنی فه‌خری زاده‌ن و داوای ئارامگرتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ی تاران ده‌كه‌ن له گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێوشوێنێك دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆزتر بکات.”