مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەولەتی لە تاوانەکانی داعش(یونیتاد) کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/25 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد و ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەماهەنگ و هاوکاري بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش.
لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە کە “لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتووێ کرا”.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەولەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە . ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان.
ئەوەش ھاتووە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لە گەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاريش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک ، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون ، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان”.