كۆتایی ئه‌م مانگه‌ كاری هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌ستپێده‌كات

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

وتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى دەستپێکردنى کارى هاوبەشى نێوان سوپاى عێراق و پێشمەرگە، بڵاوکردەوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 23ی ئۆكتۆبه‌ر، لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپه‌راسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، “کارکردن لە بنکە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەر لە کۆتایهاتنى ئەم مانگە، دەستپێدەکات.”

ڕوونیشیكرده‌وه‌، “كه‌ لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگەدا دەستیان بە هەماهەنگى کردووە لە پارێزگاى دیالە و کارکردنى هاوبەشیش لە ناوچەکانى تر بەمزووانە دەستپێدەکات.”

خه‌فاجی، ئاشكراشی كردووه‌، “كه‌ لەلایەن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ فەرمانى دەستپێکردنى کارەکانیان لە شنگال پێگەیشتووە و به‌منزیكانه‌ جێبه‌جێیده‌كه‌ن و باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ بنکە چوار قۆڵییەکە بەردەوامە لە ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى گرنگ و بەشێوەیەکى باش کارەکانى ئەنجام دەدات.”

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، لیوا قارەمان کەماڵ، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاندووه‌: “لە سیهه‌مین کۆبوونەوەی نێوان وه‌زاره‌‌تی پێشمه‌رگه‌ و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ڕێککه‌وتن كراوه‌ لەسەر جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنک لەناوچە سنورییەکانی پارێزگای دیالە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دواتر ئەو خاڵانە لە ناوچەکانی تریش  دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.”

ھەواڵی زیاتر