پۆلیسی سلێمانی: تەقەکەرێکمان دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە سلێمانی بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە و زیانی ماددی بە دوو ماڵ گەیاندووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لەیەکێک لە “سیتی”ەکانی شاری سلێمانی بەهەرەمەکی تەقەی کردبوو، زیانی ماددی بە دوو ماڵ گەیاندبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە بوونی رووداوێکی تەقەکردن لە گاردن سیتی، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و دەستیش بگرن بەسەر ئەو چەکەی تەقەی پێکردبوو.

تۆمەتبارەکە ناوی (د. و. ف) و لەدایکبوی ١٩٨٧، دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکەکەیدا کە تەقەی پێکردبوو، کە هاوکات زیانی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆشی گەیاندبوو.

تۆمەتبار ماددەی کحولی بەکار هێناوەو بەسەرخۆشی تەقەی کردووە، ئێستا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر