هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: یه‌ك ملیۆن بوتڵ بیره‌ له‌ شاخی گۆیژه‌ هه‌یه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 20ی ئۆكتۆبه‌ر، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێكی باڵای پارێزگاكە بەڕێوەچوو، پارێزگاری سلێمانیش لەبارەی سوتانی دارسنەوبەرەكان و شاخی گۆیژە، وتی، “هیچكام لەو ئاگرانە بە ئەنقەست نەبوون.”

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر، ڕایگه‌یاند، “ئەو ئاگرانەی سلێمانی هیچیان به‌ ئەنقەست نەبوون و كەسێكی دیاریكراو یان حزبێكی دیاریكراو لە پشتیانەوە نین، هه‌ركه‌سێكیش بەڵگەی هەیە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كە كەسێك دەستی هەیە لەو ئاگرانە، با بیخاتە بەردەستمان، دەیدەینە داواكاری گشتی و ئێمە دەبینە خاوەنی ئەو كەیسە.”

وتیشی: “نابێت تەنها چاومان لەسەر ناوخۆی شارەكان بێت، لە وێڵەدەر تا باسنێ هەزاران كیلۆمەتر زەوی سوتاون هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2014ەوە لە قەیرانێكی قوڵداین، هیچ بودجەیەك هیچ كەرەستیەك داوو و دەرمانێك بۆ هیچ سێكتەرێكی پۆلیسی دارستان و پاوەنی شارەوانیی سلێمانی دابین نەكراون.”

له‌باره‌ی هۆكارەكانی سوتانی شاخی گۆیژە و هەندێك ناوچەی دیكەی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، وتی، “بچنە شاخی گۆیژە ئەگەر یەك ملیۆن بوتڵ شوشەی بیرەتان نەدۆزییەوە من پارێزگار نابم، لەگەڵ بوونی دوو ملیۆن دەبەی ئاو.”

ئەوەشی خسته‌ڕوو، “لە چیای گۆیژەدا 600 جۆر گوڵ هەن کە لەسەر ئاستی جیهان دەگمەنن، هەرکەسێکیش بیەوێت چیای گۆیژە بۆ پڕۆژەی شەخسی بەکاربهێنێت دەیدەینە دادگا.”

ھەواڵی زیاتر